میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان گەشتی فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازیی ئەمریکا لە بنکەی هێزی ئاسمانی نەواتیم لە ئیسرائیل نیشتوونەتەوە.
بەگوێرەی تۆڕی هەواڵی ( کان 11) ئەم فڕۆکانە کەرەستەی شەڕیان لە بنکە جۆربەجۆرەکانی ئەمریکاوە لە سەرانسەری جیهاندا هەڵگرتبوو.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم فڕۆکانە بۆمبی قورسی ئێم کەی ٨٤ و تەقەمەنی دیکەیان بۆ ئیسرائیل گواستووەتەوە بۆ شەڕی بەردەوامی غەززە، هەروەها ئامادەکاری بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران لە ئەگەری شکستی دانوستانەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی.
هەروەها مووشەکی ڕێگریکەر بۆ سیستەمی بەرگری موشەکی THAADی ئەمریکی لەم گەشتانەدا گواسترایەوە بۆ ئیسرائیل.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیسڕائیل ناسیۆناڵ نیوز، لە درێژەی ئەم ڕەوتە، ئەمەریکا مانگی داهاتوو هەزاران چەکی زیادە بۆ ئیسرائیل دەگوازێتەوە بۆ بەهێزکردنی یەدەگی سەربازیی خۆی لەو وڵاتە، کە لە ماوەی شەڕی ئەم دواییەدا کەم بووەتەوە.