” ئێًسكە پەیكەری نیادەرتاڵ دەگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان “
دیدار-مستەفا دۆڵەمەری
بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر، لە دیدارێكی زاری كرمانجی دەڵێت :”سەدان شوێنی شوێنەواری لە سنووری قەزای مێرگەسۆر هەن، دوای دەست بەكاربوونم وەك بەڕێوەبەری فەرمانگە توانیمان زیاتر لە 250 شوێن تۆمار بكەین، چەندین شوێنەواری دیكەش هەن تاوەكو ئێستا تۆمار نەكراون، بۆ ئەو مەبەستە پێویستیمان بە رووپێوی شوێنەواری هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین شوێنەوار تۆمار بكەین و بیانخەیەنە ڕێزبەندی شوێنەواری”.
لە بەردەوامی قسەكانیدا سۆران ئەمیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” یەكێك لەو شوینەوارە گرنگانەی سنوورەكەمان كە كاری كنەو پشكنینی تیادا ئەنجامدراوە، ئەشكەوتی شانەدەر دەكەوێتە زنجیرە چیایی برادۆست لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، بە دووری 145 كیلۆ مەتر لە ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، ئەم ئەشكەوتە بە یەكێك لە كۆنترین و گەورەترین ئەشكەوت دادەنرێت و یەكەمینجار لە ساڵی 1951 تا 1960 تیمێكی ئەمەریكی بە سەرپەرشتی شوێنەوارناس (ڕالف سۆَلكی) كاری تێدا كراوە و دوای ئەویش تیمێكی دیكەی زانكۆی كامبریجی بەریتانی بە سەرپەرشتی (پرۆفیسۆر گرایم باركر) كاری كنەو پشكنین لەو ئەشكەوتە ئەنجام درا، دواتریش چەندین تیمی دیكەی شوێنەواری كاریان لەو ئەشكەوتە كردووەو ئەنجامی باشی هەبووە، بەتایبەتیش دۆزینەوەی ئێسكە پەیكەری مرۆڤی نیادەرتاڵ لە ئەشكەوتەكەدا لە ناوخۆیی و جیهانی دەنگدانەوەی باشی هەبووە، بە تایبەتی پاش كاركردنی تیمی زانكۆی كامبریجی بەریتانی لەساڵی 2014 تا ئێستا چەندین ئەنجامی باشی بەدەست هێناوە، ساڵی رابردوو لە كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لە شانەدەر ئەنجامی لێكۆلینەوەكانی ئاشكرا كران”.
ئاماژەی بەوەشدا: “ئەشكەوتی شانەدەر یەكەم شوێنی شوێنەوارییە لە كوردستان زۆرترین گەشتیار سەردانی بكەن، بۆ ئەو مەبەستە وەك فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر، بە هەماهەنگی قائیمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەواری لەگەڵ زانكۆی كامریجی بەریتانی، كار لەسەر ئەوە دەكرێت لە قۆناغی یەكەم بتوانێت دیزاینی مۆزەخانەی شانەدەر ئامادەبكرێت، تایبەت بێت بە ئەشكەوتی شانەدەر خۆشبەختانە كارەكان زۆر باش بەڕێوەچوون، لەكاتی گەڕانەوەی تیمی زانكۆی كامبریجی بەریتانی لە وەرزێكی نوێی كاركردنیان، بۆمان دەردەكەوێت ئایا دیزاینی مۆزەخانەی شانەدەر لە چ قۆناغێك دایە، بۆیە ئەمە هەنگاوێكی زۆر گرنگە بۆ ڕاكێشانی گەشتیاران بۆ ئەوەی بێن سەردانی مۆزەخانەكە بكەن و لە نزیكەوە كەل و پەلە شوێنەوارییەكانی ئەشكەوتی شانەدەر ببینن، هەروەها چەندین كەل و پەلی شوێنەواری و كەلەپووری لە لایەن هاووڵاتییانی قەزای مێرگەسۆر پارێزراون، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار سەرقاڵی تۆمار كردنیانین بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیك كۆیان بكەینەوە، هەروەوها بڕیارە ئێسكەپەیكەری مرۆڤی نیادەرتاڵ كە لە ئەشكەوتی شانەدەر دۆزراوەنەتەوە، بگەڕیندرێتەوە هەرێمی كوردستان و لە شوێنێكی پارێزراو دادەنرێت”.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر، ئەوەشی خستەڕوو”: ساڵی ڕابردوو لە كۆنفڕانسی زانكۆی كامبریج كە بە هەماهەنگی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە شانەدەر ئەنجامدرا، بە ئامادەبوونی مەلا مستەفا بارزانی، ڕێزلێنانی بەخشییە تیمی زانكۆی كامریجی بەریتانی، ئەمەش هاندانێكی باشتر بوو، بۆ تیمی زانكۆی كامبریج بۆ ئەوەی بتوانن كاری باشتر ئەنجام بدەن”.
لە دوا قسەكانیدا سۆران ئەمیر، هێمای بۆ ئەوەكرد: ” شوێنەوار ناسنامەی گەلانەو پێویستە هەموو لایەك پارێزگاری لێبكەن و دەستكاری نەكەن، چونكە دەبێتە هۆی شێواندنی مێژووی شوێنەوار، لەگەڵ ئەوەشدا دەڤەری بارزان لە هەموو شوێنەكانی تر باشترە لە پاراستن و گرنگیدان بە ناوچە شوێنەوارییەكان، چونكە خەڵكی ئەو دەڤەرە زۆر هاوكارە بیرو باوەڕێكی تایبەتیان بۆ پاراستنی ژینگە و سروشت و شوێنەوارییەكان هەیە، هەروەها پێویستە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ڕێوشوێنی تایبەت بگرێتە بەر، بۆ ئەو ئەكاونتانەی لە سۆشیال میدیا ڕیكلام بۆ ئامێری ئەلیكترۆنی گەڕان بەدوای شوێنەوارەكان دەكەن، پێویستە قەدەغە بكرێن و ڕێگریان لێبكرێت.