” سوالكردن و كاركردن بە منداڵ كاریگەری خراپ لەسەر داهاتوویان دروست دەكات “
دیدار-محەمەد هەسنانی
بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجی دەڵێت: “كاری ئێمە وەك مافی مرۆڤ زیاتر چاودێری كردن و توێژینەوەو ئامادەكردنی ڕاپۆرت و گەیاندنی كێشەو گرفتەكانی چین و توێژەكانە، هەروەها كاركردنە لەسەر پێدانی هۆشیاری لە ڕێگەی كۆڕو سمینارەكان بە كۆمەڵگە.
نیهاد سالح سۆفی، بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: “بۆ یەكەمینجار لە ساڵی 2012 لە نووسینگەی مافی مرۆڤی سۆران وەك فەرمانبەر و بەڕێوەبەری كارگێڕی دەستبەكار بووم، دواتر بەهۆی ئەوەی بەڕێوەبەرمان مۆڵەتی خوێندنی ماستەری وەرگرت، من زیاتر لە دوو ساڵ وەك بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی سۆران بە وەكالەت دەست بەكاربووم، دوای گەڕانەوەی بەڕێوەبەرمان جارێكی دیكە گەڕامەوە سەر پیشەكەم، دواتر بۆماوەی حەوت ساڵ بوومە یاردیدەری بەڕێوەبەر، دوای گۆڕنكارییەكانی ماوەی ڕابردوو كە جەواد سوار، بوو بە سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی زێت، منیش وەك بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی سۆران دەستنیشان كرام و دەست بەكاربوومە”.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی سۆران، گووتیشی: “بەپێی ئەوەی ساڵانێكە لەم نووسینگەیە كاردەكەم، ئەزموونێكی باشم پەیداكردووە لە شێوازی بەڕێوەچوونی ئیش و كارەكانمان، وەك ئەنجامدانی كۆڕو سمینار لە ناوەندەكانی خوێندن و گەیاندنی پەیامی هۆشیاری بە هاووڵاتییان، بەتایبەت لە شێوازی بەكار هێنانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان و دووركەوتنەوە لە ماددەی هۆشبەرو ئەو شتانەی زیان بە كۆمەڵگە دەگەیەنن، هەروەها پەیوەندیمان لەگەڵ گشت دام و دەزگاگانی دیكە هەیە، بەگشتی هەر دیاردەیەك كاریگەری خراپی لەسەر كۆمەڵگە هەبێت، بەدواداچوونی بۆ دەكەین و پەیامی هۆشیاری دەگەیەنین”.
نیهاد سالح سۆفی، دەشڵێت: “ئێمە لایەنی جێبەجێكار نین بەڵكوو كاری ئێمە زیاتر چاودێری و بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیە لە كێشەكان، هەروەك بەپێی یاسا كارمەندانی نووسینگەكانی مافی مرۆڤ ڕێگە پێدراون لە هەر شوێنێك بیانەوێت بەدواداچوون بۆ كێشەكان بكەن و بە شێوەی ڕاپۆرت ئامادەی دەكەین و بۆ سەرووی خۆمان بەرزی دەكەینەوە، هەروەها توانیوومانە هەندێ لە كێشەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لێرە چارەسەری بۆ بكەین، خۆشبەختانە ئیدارە خۆجێییەكان و هێزەئەمنییەكانیش هاوكاربوونەو ئاسانكاریان بۆ كردووین”.
بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی سۆران، ئەوەشی خستەڕوو: ” شوێنێكی دیكە كە وەك مافی مرۆڤ گرنگی زۆری پێدەدەین، سەردانی كردنی بەندكراوەكانە لە سنوورەكەمان، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاشنای باروودۆخیان بین، خۆشبەختانە تائێستا دیاردەی وانییە كە لە بەندیخانەیەك یان لەبەشی گرتن و گواستنەوەی سۆران، ئەشكەنجەی بەندكراوێك بدرێت، مەگەر لەكاتی دەستگیر كردنی تۆمەتبارێك ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەكان بووبێتەوەو لێدانێكی بەركەوتبێت، ئەگەرنا بەشێوەیەكی گشتی هەڵسوكەوتی ئاسایش و پۆلیس و هێزەئەمنییەكان بەرامبەر بە بەندكراوان باش بووە، تەنانەت لە بەندیخانەكانیش تائێستا بەندكراوێك سكاڵای لەو جۆرەیان تۆمار نەكردووە كە ئەشكەنجەی جەستەی یان دەروونی درابێت، تەنانەت بەپێی ڕێنمایی پزیشكی ڕۆژانە خواردن و خۆراك بۆ بەندكراو و ڕاگیراوان دابین دەكرێت، هەروەها لە بەشی گرتن و گواستنەوەی سۆران، ژورێكی تایبەت بۆ پشكنینی سەرەتایی و پزیشكی تایبەت بە بەندكراوان كراوەتەوە، ئەگەر لەوێش چارەسەری نەبوو نەخۆشەكە دەگوازارێتەوە بۆ نەخۆشخانەكانی سۆران و چارەسەری پێویستی بۆ دەكرێت”.
نیهاد سالح سۆفی، ئاماژەی بەوەشدا: “هەر هاووڵاتییەك كێشەو گرفتێكی هەبێت، دەتوانێت بۆ سكاڵاكردن سەردانی نووسینگەی مافی مرۆڤ بكات، بۆ ئەوەی بەدواداچوونی جددی بۆ بكەین و هەوڵی چارەسەر كردنی كێشەكەی بدەین، بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكانی سنوورەكەمان، ئەگەر لای ئێمەش چارسەری بۆ نەكرا بە ڕاپۆرت سكاڵاكەی بۆ دەستەی مافی مرۆڤ بەرزدەكەینەوە، تا لە ئاستی باڵاتر بەدواداچوونی بۆ بكرێت، هەروەك چەندین كێشەی لەم شێوەیە چارەسەری بۆ كراوەو بەردەوامیش دەبین، هەروەها بە خۆشمان ڕاپۆرت و توێژینەوە لەسەر ئەو جۆرە دیاردانە دەكەین كە لە سنوورەكەمان بوونیان هەیە”.
لە دواقسەكانیدا بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی سۆران، ڕایگەیاند: “دیاردەیەكی دیكە كە لە زۆربەی شارو شارۆچكەكان تائێستا نەتوانراوە بنڕبكرێت، كاركردنە بە منداڵان لەسەر شەقام یان سوالكردن، یان هەر كارێكی دیكە كە بەپێی یاساكانی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ قەدەغەكراو بێت، بۆ ئەمەش پێویستە چەند هەنگاوێك بگیرێتەبەر، ئایا هۆكار چییە ئەو جۆرە كەسانە پەنا بۆ ئەم جۆرەكارانە دەبەن، لە كاتێكدا كاریگەری خراپ لەسەر ئایندەی منداڵەكە دروست دەكات، گرنگە دایك و باوك و بەخێوكارانی منداڵەكان واتێبگەیەندرێن ئەو جۆرە كارانە هەڵەن، یان لەكاتی دەستگیر كردن بەڵێنامەیان لێوەربگیرێت كە كارەكە دووبارە نەكەنەوە، سەرەڕایی ئەمانەش كەسانێك وەك ئەوەی خویان بەو جۆرە كارانەوە گرتبێت دووبارە پەنای بۆ دەبنەوە.