غەریب عەلی سەلیم
م.ی. لە زانكۆی گۆیژە/بەشی گەشتوگوزار، خوێندكاری دكتۆرا لە بواری بە بازاڕكردنی گەشتوگوزار/ زانكۆی سلێمانی
هۆشیاری ژینگەی گەشتیاریی بریتییە لەوەی هاووڵاتی و گەشتیاران لەلای خۆیانەوە لە كاتی ئەنجامدان و سەردانیكردنی ناوچە گەشتیارییەكان بەكارهێنانی هەر شتێك لە گەشتەكەیاندا بیر لە كاریگەرییەكانی ژینگە بكەنەوە و بژاردەیەك هەڵبژێرن كە دۆستی ژینگە بێت. یەكێكیش لە فاكتەرەكانی پیسبوون و تێكچوونی ژینگە، پەیوەستە بە زۆری ژمارەی گەشتیاران و كۆبوونەوە و فشار دروستكردن لەسەر ژینگەیەكی دیاریكراو، هەروەها چۆنیەتی مامەڵەكردنی گەشتیار لەگەڵ ژینگە و هۆشیاری گەشتیاران كاریگەری لەسەر ئەم كێشەیە هەیە، چونكە بەشێك لە گەشتیاران زۆر گرنگی نادەن بە پاك ڕاگرتنی ژینگە و كەمتەرخەمی لە بابەتی پاراستنی ژینگە دەكەن، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت پیسبوونی شارەكان و تێكدانی ژینگە چالاكی گەشتوگوزار لێی بەرپرسیار بێت، بەڵكو مرۆڤ و چالاكیەكانی و پێشكەوتنە تەكنەلۆجی و گۆڕینی شێوازی ژیانی خەڵك و زۆری بەكارهێنانی هۆیەكانی گواستنەوە و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان سەرچاوەی سەرەكین بۆ كێشە ژینگەییەكان، بەڵام چالاكی گەشتوگوزار بە یەكێك لە هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگە دادەنرێت. ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەهۆی شوێنی جوگرافی گونجاوی ئاووهەوای دیمەنی سروشتی سەرنج ڕاكێش و مانەوەی بەفر لە ناوچەی چیاكانی باڵەكایەتی چۆمان ژمارەیەكی زۆری ناوچەی گەشتیاری، ساڵانە لە وەرزی بەهار و گەشت و سەیراندا ژمارەیەكی زۆر گەشتیار روو لە ناوچە گەشتوگوزارییەكانی وەك گەلی عەلی بەگ، بێخال، جووندیان، كۆڕەكی تەلەفریك، سەكران، دۆڵی ئالانە، برژێ ئەمانە چەند ناوچەی تری گەشتیاریی دەكەن، ڕۆڵی كاریگەر و نەرێنی دەبینێ لە پیسكردنی ژینگە، بەهۆی سوتان و فڕێدان و بەجێهێشتنی پاشماوەی خۆراك و ماددە ڕەقەكان كە لەلایەن گەشتیارانەوە، بە تایبەتی گەشتیارانی دەرەوەی شارەكانی هەرێم و ناوەڕاست و باشووری عێراق، كە ڕۆشنبیری گەشتیارییان لە ئاستی پێویست دانییە، دوای تەواوبوونی گەشتەكەیان شوێنەكەیان پاكناكەنەوە و پاشماوەی زۆر دوای خۆیان بەجێدەهێڵن، دەبێتە هۆی دروست بوونی سیمایەكی ناشرین تێكدانی ژینگە. بەشێوەیەكی گشتی چالاكی گەشتوگوزار چەندین لایەنی نێگەتیڤی هەیە لەسەر ژینگە، لە گرنگترین ئەمانەن:
یەكەم: كێشەی پیسبوونی سەرچاوەكانی ئاو: بریتین لە فڕێدانی پاشماوەی خۆراك و پاشەڕۆی گازەكان، پاشەڕۆی خۆڵ و خاشاك، شۆرینی ئۆتۆمبێل و بەكارهێنانی پاك كەرەوەكانی كیمیاییە ژەهراوییەكان لەلایەن گەشتیارانەوە. بەتایبەت لە وەرزی بەهار و هاوین گەشتیاری ناوخۆ و ناوەراست و باشووری عێراق، بەمەبەستی پشوودان و حەوانەوە سەردانی دەكەن، دوای تەوابوونی گەشتەكەیان شوێنەكە پاك ناكەنەوە یان بەشێكی زۆر لە پاشماوەی خورادن و پیسی خۆیان فڕێدەدەنە ناو چەم و رووبارەكان.
دووەم: كێشەی سوتان و ئاگركەوتنەوە: مرۆڤ و چالاكیەكانی مەترسیەكی گەورە بۆ سەر دارستانی سروشتی هەر ناوچەیەك، بەهۆی كەمی ئاستی هۆشیاری رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتوگوزارییەكان زۆرجار دەبێتە هۆی روودانی ئاگركەتنەوە و سوتانی پوش و پاوەن و ئاژەڵ و باڵندەی كێوی، زیانی ژینگەیی لێدەكەوێتەوە، هەروەها كەمتەرخەمی گەشتیاران، بەهۆی بەجێهێشتنی پاشماوی ئاگر فڕێدانی سوتی جگەرە نێرگەلە و جێهێشتنی جەرخی غازی لەناو پوش و پەلاشی دارستانەكان بەجێهێشتنی پاشماوەكانی وەك قاپ و كەوچك و سفرەی سەفەری ماددە پلاستیكییەكان و شووشەی ماددە كهولییەكان، چونكە ئەوانە لە وەرزی گەرمادا دەبنە هۆی ئاگركەوتنەوە.
سێیەم: كێشەی پیسبوونی ژاوەژاو: ئەو دەنگە بەرزو نەخوازراوەیە كە لە ئەنجامی گواستنەوەی گەشتیاران دروست دەبێت و كاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، لە ئیدارەی سۆران بەروونی هەستی پێی دەكرێت، سەرچاوەكانی ژاوەژاو جۆراوجۆرن لەوانە بوونی ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێل (تایبەت، گشتی، ماتۆرسكیل)، بەكارهێنانی ئامێرەكانی مۆسیقا و دیجە لەلایەن گەشتیاران هەست بەژاوەژاو دەكرێت، زۆری كۆمپانیا گەشتوگوزارییەكان بە ئۆتۆمبێلی گەورە لەوانە پاس و مەنشای گەشتیاران لە ناوەڕاست و باشووری عێراق دەگوازنەوە بۆ ناوچە گەشتوگوزارییەكانی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەموو ئەمانەی باسمانكرد، ژاوەژاوێكی زۆر دروست دەكەن و دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە بە ژاوەژاو.
چوارەم: كێشەی پیسوون بە ماددە ڕەقەكان: زۆربەی ماددە ڕەقەكان هەموو ئەو پاشماوانەن كە لە ئەنجامی چالاكی گەشتوگوزاری ناوچە گەشتیارییەكان وەك (سەیرانگە و هەوارگە و كەپر و هاوینەهەوار….هیتر) كە لەلایەن گەشتیارانەوە ئەنجام دەدرێت لەوانە نایلۆن، شوشە، كاغەز و كارتۆن، پاشماوەی خۆراك، شوشە و جۆرەكانی تر.
پێنجەم: كەمیی كارمەند و فەرمانبەری ژینگەی گەشتیاریی:
لە ساڵی (2014) وە بەهۆی بارودۆخی دارایی حكوومەتی هەرێم دامەزراندن ڕاگیراوە، لەو كاتەوە بە پێچەوانەوە فەرمانبەر كەمبۆتەوە بەهۆی خانەشین بوون و كۆچی دوایی یاخود گواستنەوە و مۆڵەتی بێ مووچە و مۆڵەتی خوێندن، ئەمانەش بۆتە هۆی كەمبوونەوەی میلاكی بەڕێوبەرایەتی دارستان و پاوانی ناوچەكە، بنكەی بەڕێوبەرایەتی، بنكەی دارستان و پاوەنی یەكە كارگێرییەكان.
چارەسەركردنی كێشە ژینگەییەكانی دەرئەنجامی چالاكی گەشتوگوزار لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
ئەم میكانیزمانەی خوارەوە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ كەمكردنەوەی كێشەكە:
1- پەروەردە و هۆشیاری ژینگەیی، پێویستە قوتابخانە و زانكۆكان پەروەردەی ژینگەیی گەشتیاریی بخەنە ناو پرۆگرامەكانی خوێندن و كردنەوەی خول و ڕاهێنان و سیمینار و پێدانی هۆشیاری پاراستنی ژینگەیی گەشتیاریی بە خاوەن پڕۆژە دامەزراوە گەشتوگوزارییەكان.
2.پێویستە لایەنی حكوومەت چاودێری بەردەوامی هەبێ لەسەر ناوچە گەشتوگوزارییەكان و بەپێی یاسا و ڕێسای تایبەت بە پاراستنی ژینگەی، تەنانەت ئەوانەی سەرپێچی كاری ژینگە دەكەن، سزایان بدرێت.
3.پێدانی عەلاگەی خۆڵ و دانانی تەنەكەی خۆڵ لە ناوچە گەشتییارییەكانی ئیدارەی سۆران بەتایبەتی لەوەرزی گەشتیاریدا.
4.دامەزراندنی كارمەندی ژینگەیی گەشتیاریی، چونكە ئەوان لە رووی پاراستنی ژینگەوە دەتوانن بە شێوازی سەردەمیانە مامەڵە لەگەڵ گەشتیاران بكەن.
5.پێویستە هەماهەنگی لەنێوان دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزاری سۆران هەبێت، بەمەبەستی هۆشیاریی ژینگە و گەشتیاری لە وەرزی گەشتیاریدا، بەتایبەت لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەژن یاد و بۆنەی سەری ساڵ و نەورۆز و هاتنەپێشەوەی وەرزی بەهار.
6.بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و پێدانی رێنمایی ژینگە لە كاتی هاتنی گەشتیار و سەیرانكەر بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی ناوچەی لێكۆڵینەوە، ئەویش دەكرێ هەر لە سەرەتای هاتنە ناوەوەی گەشتیار، بە تایبەتی گەشتیارانی بیانی و ناوچەكانی ناوەراست و باشووری عێراق بۆ ناوچە گەشتیارییەكان، پێیان بدرێت و سوود لە زمانەكانی تر وەربگیرێت بۆ ئەوەی پەیامەكەیان بە باشی پێبگات.
7.چالاكردنی ڕۆڵی ڕێكخراوەكانی تایبەت بە ژینگە و لەم بوارەدا ئەركی قورسیان دەكەوێتە سەرشان ئەویش هەڵ و كۆششی زیاتر بدەن بۆ گەیاندنی پەیامی ژینگەیی و ئاشناكردنی بە گەشتیار و سەیرانكەر و بە بنەما ژینگەییەكان و بابەتە هۆشیارییەكان.
8.كەمكردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراك لە ڕێگەی لیژنەی ئیدارەی سۆران و فەرمانگەی ژینگە و سەرۆكایەتی شارەوانی یەكە كارگێڕییەكان، بەهۆی زیان گەیاندن بە ژینگە سنوورێك بۆ چێشتخانە و ڕیستۆرانت خواردنگەكانی ناوچەكە دابنرێت ڕێگە لە بەهەدەردان و بەفیڕۆچوونی خواردن بگیرێت.
9.هێنانەكایەی یاسا و ڕێكخستنی توندتری ژینگەیی بۆ پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو و كەمكردنەوەی پیسبوون و پاراستنی دارستانەكان. ئەمەش پێویستی بە ئیرادەی كارگێڕی و هاوكاری نێوان فەرمانگەكانی ناوچەكە هەیە.
لە كۆتاییدا خەڵكی خانەخوێ و ناوچە گەشتیارییەكان و گەشتیاران، پیشاندەری ڕووی شارستانی و هاووڵاتیبوون دەردەخات و زۆر گرنگ دەبێت لە ماوەی وەرزی گەشتیاریی، سوود لەو دەرفەتانە وەربگرین لە پێناو بەدەستهێنانی دارایی و لە هەمان كاتدا پاراستنی ژینگە و شوێنە گەشتیارییەكانی ناوچەكە.