كاسبكارێك: ڕۆژانە نزیكەی 150 هەزار دینارم دەستدەكەوێت
موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی:
لە دەستپێكی وەرزی بەهار، لە ناوچە سارد و كوێستانییەكانی كوردستان، چەندین جۆرە گیا دەڕوێت كە خواستێكی زۆریان لەسەرە و نرخیشیان بەرزە، ئەمەش بووەتە دەرفەتێك بۆ سەدان كەس كە ڕۆژانە داهاتێكی باشیان لەو ڕێگەیەوە دەستبكەوێت .
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چەندین ناوچەی لێیە كە گیای بەهارەی لێ دەڕوێت، سەرەڕای مەترسی بەشێك لە كوێستان و ناوچەكان بەڵام خەڵك بەردەوام ڕووی تێدەكات، ئەمەش بێ زیان نەبووە، بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كار و باری مینی هەولێر، ئەمساڵ هەشت كاسبكاری گیا بەهاریەكان بەر مین و تەقەمەنی كەوتوون و بوونەتە قوربانی.
دەڤەری برادۆست، یەكێكە لەو شوێنانە كە جیا لە خەڵكی سنوورەكە، لە سۆران و خەلیفان و شوێنەكانی دیكەش، بۆ گیای بەهاری ڕووی تێدەكەن و ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە گیا بەهاریەكان، ئەو كاسبكارانەی ڕۆژانە گیا بەهاری لە چیاكان دەهێنن، لە پردی زەنانی نزیك سەنتەری قەزای شسیدەكان بازاڕێك تایبەت بە گیا بەهاریەكان دادەندرێت و گیاكانیان لەوێ دەفرۆشن. بەپێی زانیاریەكانی زاری كرمانجی ڕێواسی سیدەكان بۆ هەولێر، سلێمانی، كەركووك و پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەڕوات و خواستی زۆریان ەسەرە .
گول برایمخان ئافرەتێكی گوندی دوستانایە لە سیدەكان، بە زاری كرمانجی گووت:” ڕۆژانە لەگەڵ منداڵەكانم ڕوو لە چیای ڕۆبی ڕواڵ و كوێستانەكان دەكەین بۆ هێنانی گیای بەهاری، سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ زیاتر لە 30 هەزارم لە رێگەی فرۆشتنی ڕێواس دەستكەوتووە، ئەمەش داهاتێكی باشە و لە بێ كاری باشترە.
بە گووتەی ئەو ئافرەتە، دەڤەری برادۆست بە چەندین گیای بەهارە بەناوبانگە، دیارترینیان كەنگر، ڕێواس، سلێرك ولووش چەندین جۆری دیكەی گیا، دەشڵێت:” ئەگەر چیا و كوێستانەكانمان لە مین و تەقەمەنی پاكبكرێنەوە، خەڵك زیاتریش دەچێتە چیا و گیا بەهاریەكان، بەڵام لە ئێستادا بە ترسەوە ڕوو لە هێنانی گیا بەهاریەكان دەكات .
نەفیر شینۆ كاسبكارێكی دیكەی دەڤەری برادۆستە و دەڵێت، لە بەیانی زوو لەگەڵ چەند هاوڕێیەكم ڕوو لە چیای شیوەن دەكەین ئەمساڵ ڕێواسێكی جوانی لێیە و هەمووی ” ناوكە ” كە جوانترین جۆری ڕێواسە و خواستی زۆری لەسەرە، رۆژانە نزیكەی 40 كیلۆ تا 50 كیلۆ دەهێنم و لێرە لە پردی زەنان بە كڕیاران دەفرۆشینەوە، دەتوانین لەو ڕێگەیەدا داهاتێك بۆخۆمان پەیدا بكەین”.
دەڤەری برادۆست بە هۆی سەرسنووری و بەردەوامی ناكۆكی و شەڕی هەشت ساڵەی عێراق – ئێران، هەزاران مین و تەقەمەنی لە چیا و كوێستانەكان دانراونەتەوە، تەنها لە بەهاری ئەمساڵ شەش كاسبكاری گیا بەهاری لە سنووری قەزای سیدەكان بەرمین كەوتوون كە سێیان گیانیان لەدەستداوە و سێی دیكەش بریندار بوونە.
سیامەند جخسی گەنجێكی دەشتی هێرتە لە سیدەكان، بە زاری كرمانجی گووت:” ڕۆژانە ڕوو لە چیاكانی كایڕەشك، كەوەرت و چەند چیایەكی دیكە دەكەین بۆ هێنانی گیای بەهاری، زیاتریش ڕێواس و گیای ” لووش” دەكەم ڕۆژانە نزیكەی 150 هەزار تا 200 هەزار دینارم لەو ئیشە دەستدەكەوێت.
بە گووتەی ئەو كاسبكارە، كیلۆی لووش بە سەرووی پێنج هەزار دینارە، رێواس 1500 دینار، كوارگ نزیكەی 25 هەزار دینارە، دەڵێت:” گیا بەهاریەكان ئەمساڵ نرخیان زۆر بەرزە، ئەمەش وای كردووە خەڵكێكی زۆر ڕووی تێبكات و ئەو ئیشە ئەنجام بدات .
گووتیشی:” چەندین جار لە چیاكان مین و تەقەمەنیم بینیوە و خۆم لێ دوور گرتووە، هەرچەندە ئەو كارە هێنانی گیای بەهاری سودی ماددی زۆرە، بەڵام مەترسیشی هەیە، چونكە مین و تەقەمەنیەكان هاوشێوەی رەنگی خۆڵ و گیا دروستكراون بە ئەستەم دەبینرێت، گەنجان ئەوانەی مانگانە سەرچاوی داهاتیان نییە، بەو كارە سەرقاڵن و ڕوو لە چیاكان دەكەن بۆ گیای بەهاری، گەنج هەیە ڕۆژانە 80 هەزار 100 هەزار تا 200 هەزار دیناری لەو كارە دەست دەكەوێت .
لەو بارەوە، ئیلاد حەمەدئەمین ڕۆژانە ڕێواس لە كاسبكارانی سیدەكان دەكڕێت و بە پیكاب دەیگوازێتەوە هەولێر، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” ڕۆژانە لەگەڵ چەند كەسێكی دیكە وەك كڕیاری ڕێواس و گیا بەهاری لەسەر پردی زەنان لەو هاووڵاتییانەی گیا بەهاری دەهێنن ئێمەش لێیان دەكڕین و بە پیكاب دەیگوازینەوە هەولێر بە نرخێكی بەرزتر دەیفرۆشینەوە .
زیاتر گووتی:” گیا بەهاری هەلی كاری بۆ ئێمە و ئەو هاووڵاتیانەش دروست كردووە كە رۆژانە روو لە چیاكان دەكەن، هەروەها بۆ گومرگەكانیش هەلی كار دروست بووە و ئەوانیش لە رێگەی فرۆشتنەوە قازانجێك دەكەن.