بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سنوورەكە: ئەمساڵ چەند پڕۆژەیەكی گرنگی ئاو جێبەجێ دەكرێن
موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
ماوەی چەندین ساڵە، بەشێك لە گوندەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە دەست بێ ئاوی دەناڵێنن و گرفتی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، بەشێك لە گوندەكانیش لە رێگەی تانكەر ئاویان بۆ دابین دەكرێت .
ئیدارەی سۆران، خاوەنی چەندین كانیاو و رووبارە، بەڵام زاری كرمانجی زانیوەتی، 60%ی گوندەكانی ئەو دەڤەرە گرفتیان لە ئاوی خواردنەوە هەیە، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە زیاتر لە سێ ملیار دینار ئەمساڵ چەند پڕۆژەیەك لە قەزا و ناحییەكانی دەڤەرەكە ئەنجام دەدات.
سەدام شیوانی موختاری گوندی شیوان سەر بە قەزای سیدەكان، بە زاری كرمانجی گووت: نزیكەی 30 ساڵ بەر لە ئێستا پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەمان بۆكراوە، ئەوكات گوندەكەمان كەمتر لە 20 ماڵ بووە، ئێستا ڕێژەی دانیشتوانی گوندەكەمان نزیكەی 200 ماڵە و گوندێكی بەفراوانە، بۆیە بەردەوام گرفتی ئاوی حواردنەوەمان هەیە .
بە گووتەی ئەو موختارە، سەرچاوەی سەرەكی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی گوندی شیوان” بیری ئاوە” دەڵێت:” ساڵی رابردوو بەشی زۆری بیرەكانی ئاو لە گوندەكەمان ڕووبەڕووی وشكبوونەوە هاتن كە بە چەند ماڵێك بیرێكی ئاویان هەیە، ئەمساڵیش دڵنیاین بەشی زۆری ئەو بیرانە وشك دەبن و گرفتی ئاو دروست دەبێت، بۆیە پێویستە لە ئێستاوە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی گوندەكەمان بكەوێتە واری جێبەجێ كردن تا لە وەرزی هاوین كێشە و گرفتی ئاومان بۆ دروست نەبێت.
جیا لەو گوندە، ژمارەرەیەكی زۆری گوندەكانی دەشتی هێرت، گەڵی شێخزادان، گەڵی لێتان لە سنووری سیدەكان بەهۆی كۆنی تۆڕی دابەشكردنی ئاو و بەرفراوان بوونی گوندەكان، بەردەوام گرفتی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، لە ڕێگەی زاری كرمانجی داوای چارەسەر دەكەن .
لەو بارەیەوە، قارەمان شێخۆ، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەكان، بە زاری كرمانجی گووت:” لە سنووری فەرمانگەكەمان زیاتر لە 130 گوند ئاوی خواردنەوەیان پێگەیشتووە، ساڵانە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە لە گوندەكانی سنوورەكەمان جێبەجێ دەكات، بۆ ئەمساڵیش چوار پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە سنووری قەزای سیدەكان دەكەونە واری جێبەجێكردن كە پێكهاتوون لە پڕۆژەی ئاوی گوندەكانی ” شیوان، نزاری، كەڵەك، شیوەگەرمگ، بە تەواو كردنی ئەو پڕۆژانە گرفتی زۆر چارەسەر دەكرێت”.
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەكان، دەڵێت:” ئەو پڕۆژانە لەسەر بوددجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێدەكرێن كە گوژمەكەیان زیاتر لە ملیارێك و 500 ملیۆن دینار، پڕۆژەكانیش دراونەتە تەندەر و بەڵێندەر وەری گرتووە و لە ئایندەیەكی نزیك دەستبەكارەكانی دەكات .
بەگووتەی بەرپرسی ئەو فەرمانگەیە، جێبەجێ كردنی ئەو پڕۆژانە بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتی كەمئاویە لە چوار گوندی سنوورەكەمان، دەشڵێت: پڕۆژەكان خۆی دەبینێتەوە لە دروستكردنی سەروچاوەی ئاو، دابینكردن و ڕاكێشانی تۆڕی دابەشكردن و دروستكردنی كۆگای ئاو .
گووتیشی:” نزیكەی 70 گوندی سیدەكان گرفتیان لە ئاوی خواردنەوە هەیە، سەرووی خۆشمان بە فەرمی لە گرفتی ئەو گوندانە ئاگاداركردۆتەوە و داوای چارەسەرمان كردووە، هەوڵی تەواویش دەدەین بۆ چارەسەری ڕییشەیی گرفتی ئاوی خواردنەوەی ئەو گوندانە”.
قارەمان شێخۆ، نایشارێتەوە، ساڵانە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی وشكە ساڵی و ئاسانكاری بۆ گوندنشینان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی تانكەر پڕۆسەی دابین كردنی ئاو ساڵانە ئەنجام دەدات، ژمارەیەكی زۆری گوندەكانی قەزای سیدەكانیش لەو پڕۆسەیە سودمەنددەبن، هەر گوندێكیش سەرچاوەی ئاوی وشك بووبێت یا تۆڕی دابەش كردنی ئاوی گوندەكەیان خراپ بێت، لە رێگەی موختار، داواكاری دانیشتوانان پێشكەش بە فەرمانگەكەمان بكەن، تا بتوانین ئاویان بۆ دابین بكەین.
لای خۆیەوە، ئەندازیار یوسف ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاوی سۆران بە زاری كرمانجی گووت” لە كابینەی نۆیەم و بەتایبەتی دوای هینانە كایەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، حكوومەتی هەرێم گرینگییەكی زۆری بە گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتییان داوە و هەمیشە كار لەسەر پلانی ستراتیژی كراوە بۆ گشت سێكتەرەكان، كە پڕۆژەكانی ئاویش لە نێو ئەو پلانەدا جێگەی تایبەتی بۆ كراوەتەوە، بۆیە زیاتر لە 30 ملیارد دیناری بۆ تەرخان كراوە و لە پڕۆژە جیاوازەكانی ئاو خەرجكراوە”.
زیاتر گووتی:” چەند پڕۆژەیەكی ئاوی سەرەكی خواردنەوەی لە سنوورەكەمان جێبەجێ دەكرێن، لەوانە پڕۆژەی ئاوی بادلیان و دێڵزیان، بە گوژمەی 400 ملیۆن دینار لە دوا قۆناغی جێبەجێكردندایە، هەروەها قۆناغی دووەمی پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاكۆیان لە تەندرە و دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت، پڕۆژەی ئاوی دۆڵی خانەقا بەشێوەی ڕاستەوخۆ جێبەجێ دەكرێت، پڕۆژەی تۆڕی ئاوی (بێخاڵ-ڕواندز) بە گوژمەی ملیارێك و 200 ملیۆن دینار نۆژەندەكرێتەوە”.