زاری كرمانجی – سۆران:
یاری تێنسی سەر زەوی وەك یەكێك لە یارییە ناسراوەكانی جیهان، خاوەن مێژوویەكی دوور و درێژ و تایبەتمەندی جیاوازە، وتێنس یارییەكی جەستەیی و هونەری زۆر زەحمەت و پێشكەوتووە پێویستی بە لێهاتوویی، خێرایی، هێز و ستراتیژی شێوازی یاری هەیە بۆ سەركەوتن.
لە نێو وڵاتانی جیهان چەندین خولی گەورە هەن لەم یارییە كە بە “گراند سلام” ناسراون: ئۆسترالیا ئۆپن، فرەنچ ئۆپن (ڕۆلان گارۆس)، وێمبڵدەن، و یو ئێس ئۆپن.
جگە لەمەش یاریزانە ناودارەكانی ئەم یارییە لە ئێستادا: ڕۆجەر فێدرەر، ڕافائێل نادال، نۆڤاك جۆكۆڤیچ، سێرێنا ویلیامز، و ستیفی گراف لە ناسراوترین یاریزانەكانی مێژووی ئەم یارییەن.
سەبارەت بە دۆخی ئەم یارییە سەرنجڕاكێش و پڕ چێژە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، یاریزانی تێنسی سەر زەوی “گۆران سادق” بەم شێوەیە بۆ زاری كرمانجی دوا:
لە سەرەتا دەمەوێت سوپاستان بكەم بۆ ئەم دەرفەتە، هەر وەك دەزانن یاری تێنسی سەر زەوی یەكێكە لە یارییە خۆش و سەرنج ڕاكێشەكان و لەم دەڤەرە یاریزان و هاندەری زۆری هەیە بە تامەزرۆییەوە بەشداری لە پێشبڕكێ و پاڵەوانیەتییەكان لەم یارییە دەكەن، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا بەداخەوە وەكو پێویست لە هەرێمی كوردستان گرنگی پێ نادرێت، هەروەك دەبینین چەند ساڵێكە هیچ خول و پاڵەوانیەتی بۆ ئەم یارییە بە هۆكاری جیاواز و كێشەی لاوازی دارایی نەكرایتەوە، جگە لە ئیدارەی سۆران نەبێت ساڵانە پاڵەوانیەتی تێنسی سەر زەوی لەم سنوورە دەكرێتەوە و یاریزانەكانی دەرەوەی سۆرانیش بانگهێشت دەكەین لە شارەكانی دیكەی كوردستانەوە دێنە ئەم دەڤەرە لە ڕاستیدا بۆ ئێمە جێگای خۆشحاڵیمانە و توانیتیمان لەم ڕێگایەشەوە ڕووی جوانی ئیدارەی سۆران نیشان بدەین و پەیوەندییەكی بەهێزیشمان لەگەڵ ئەم یاریزانانە دروست كردووە.
گۆران، بە شێوەیەكی ئەرێنی باسی لەم یارییە كرد لەم سنوورە و ستایشی ئاستی یاریزانەكانی تینسی سەر زەوی دەكات و دەڵێت: یاریزانەكان زۆرباشن، بەڵام ژمارەیان كەمە و بەم شێوەیە بڕوات ئەوەی هەیە نامێنێت، چونكە گرنگە بیر لە دروستكردنی یاریزان لەم یارییە بكرێتەوە و بە شێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی فێربكرێن و مەشق و ڕاهێنان لە تەمەنێكی بچووكەوە بە یاریزانەكان بدرێت، و لە لایەكی دیكەوە نەیشاردەوە باسی لە كەمی و نەگونجاوی یاریگا و هۆڵی وەرزشی كرد كە كاریگەری نەرێنیان بۆ پێشكەوتنی ئەم یارییە دروست كردووە، بۆیە داواكارە لایەنی پەیوەندیدار ئاوڕێك لەم گرفتە بداتەوە و بە دەنگ وەرزشوانانەوە بێت تا بتوانن یاریزانان حەزەكانیان لەم یارییە بەدی بهێنن، ئەو یاریزانە وتیشی، هەرچەند لە گەڵ ئەوەشدا من گەشبینم بە داهاتووی ئەم یارییە لە سۆران و ناوچەكە، چونكە ئێمە هەموومان وەك یاریزان كەم تا زۆر هەوڵی پێگەیاندنی یاریزانی دیكە دەدەین و توانیومانە تا ڕادەیەك كاریگەری ئەرێنی دروست بكەین لەسەر لاوە وەرزشوانەكان، و بەڵێنمان داوە لە داهاتوو خولی تایبەت بە فێربوونی ئەم یارییە بكەینەوە بۆ ئارەزوومەندان، بە خۆشحاڵییەوە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئامادەیی دەربڕیووە بۆ پشتگیری و هاوكاری كردنمان، و لە ماوەی پێشوو هەروا چەندین جار لە لایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یارمەتی دراوین.
لە كۆتاییدا ئەو یاریزانە حەزدەكات وەك یاریزانی یانەی سۆران بگات بە ڕیزی یانە نایابەكانی عێڕاق لە تێنسی سەرزەوی و بەشداری پاڵەوانیەتییە جیهانیەكان بكات بۆ زیاتر بەرز ڕاگرتنی ناوی سۆران و كوردستان.