د. ئازا كامەران- زاری كرمانجی:
وەرزشی مەلەوانی ئامرازێكی گرنگە بۆ ڕزگاركردنی ژیانی مرۆڤەكان و یەكێكە لە كۆنترین و بەسوودترین ئەو وەرزشانەی كە مرۆڤایەتی پەرەی پێداوە و بەكاریهێناوە بۆ مەبەستەكانی ڕاوكردن، شەڕ، لە كاتی خۆشی، ڕزگاركردن و یارمەتیدانی مرۆڤەكانی دیكە، ئەم وەرزشە تەنها لە چوارچێوەی یارییەك نامەوەتەوە چێژ و سوودی جەستەیی هەبێت بەڵكو كەرەستەیەكی بەنرخیشە بۆ پاراستنی ژیان لە ڕێگایەوە گیانی هەزاران مرۆڤ ڕزگار كراون لە مردن و دەربازیان بووە و گەڕاینەوە نێو ژیانی ئاسایی، جگە لەمەش مەلەوانە ئازاكان بەردەوام گیانی خۆیان خستۆتە مەترسییەوە بۆ ئەوەی بتوانن لاشەی چەندین مرۆڤ لە شوێنە سەختەكان بدۆزنەوە و ڕادەستی خانەوادەكانیان بكەنەوە.
وەرزشی مەلەوانی كاریگەرییەكی زۆری هەیە لەسەر بەهێز بوونی ماسولكەكانی دڵ و سییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی پاڵەپەستۆی دەروونی هەروەها مەلەوانی چەكێكی گرنگی ڕزگاركردنی مرۆڤە لە بارودۆخی لە ناكاودا، بەتایبەتی لە ڕووبارەكان و دەریاچەكان، بۆیە كەسانی شارەزا لە مەلەوانیدا هاوشان لە گەڵ تیمەكانی فریاكەوتن دەتوانن بە خێرایی كاردانەوەیان هەبێت بۆ ڕزگاركردنی ئەو مرۆڤانەی ڕووبەڕووی مەترسی خنكان دەبنەوە، هەر بۆیەشە فێربوونی مەلەوانی نەك تەنها وەك چالاكییەكی وەرزشی بەڵكو وەك ئەركێكی كۆمەڵایەتیش دەبیندرێت و پێویستە هەر تاكێك لە هەرێمی كوردستان مەلەوانی بزانێت هەر وەك زۆرێك لە وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان هەر لە قوتابخانەكانەوە لە تەمەنێكی بچووكەوە منداڵان فێری مەلەوانی دەكەن و ڕاهێنانیان بە شێوەیەكی پڕاكتیكی پێ دەكەن لە چۆنیەتی یارمەتیدانی مرۆڤەكان لە كاتە ناهەموارەكان كاتێك لە نێو ئاودان و یاخود فێری بنەماكانی ڕزگاركردنی مرۆڤیان دەكەن لە ئاو لە مەترسییەكانی خنكان.
ئەوە جێگای تێڕامان و بایەخە لە كاتێكدا كە زۆربەی خەڵك لە ترسی سەرمای زستان و شەپۆلی بەهێزی ڕووبارەكان خۆیان لە ئاو دوور دەخەنەوە و بەهیچ جۆرێك لە ڕووبارە تیژ و سەختەكان نزیك نابنەوە، بەڵام كۆمەڵێك مەلەوانی پاڵەوان هەن ئەم سنوورانە دەبەزێنن و ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ڕزگاركردنی كەسانی دیكە، ڕاستتر وایە ناویان بنێین مەلەوانە ئازاكان، ئەو قارەمانە بێدەنگانەی كە وەرزشی مەلەوانییان كردووە بە چەكێكی بەهێز بۆ ڕزگاركردنی گیانی مرۆڤەكان بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە ژیان و ڕادەستكردنی لاشەی مردووەكان بە ئازیزانیان.
بیرمان نەچێت هەر كەسێك مەلەوان بێت ناتوانێت كەسێكی دیكە ڕزگار بكات و لە نێو ئاو یارمەتی بدات چونكە ئەمە كارێكی ئاسان نیە زۆر قورسە و ئەوانەی ئەم كارە دەكەن دەبێت شارەزایی چاكیان هەبێت و پێشتر ڕاهێنانیان لەسەر ئەوە كردبێت.
بە خۆشحاڵییەوە لە هەرێمی كوردستان چەندین مەلەوانی قارەمان هەن كە بە وشە وەسف ناكرێن لە گەڵ تیمەكانی فریاكەوتن خزمەت دەكەن تا ئێستا توانیویانە ژیانی سەدان كەس لە ئاوە قووڵەكانی ڕووبار و دەریاچەكان ڕزگار بكەن، بە گوێرەی ئامارەكان ساڵانە نزیكەی 50 كەس لە كوردستان بە هۆی خنكان گیان لەدەست دەدەن، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو ژمارەیە زیاتر دەبوو ئەگەر ڕەنج و ماندووبوونی مەلەوانەكان نەبوایە.
لە ڕاستیدا مەلەوانی تەنها وەرزشێك نییە بۆ خۆشی و كات بەسەربردن بێت، بەڵكو مەلەوانی بۆتە پیشەیەكی پیرۆز بۆ یارمەتیدانی ئەوانی تر و لە ڕووی ئاینیشەوە پاداشتی زۆری هەیە خودا ئەو مرۆڤانەی خۆش دەوێت كە ژیانی كەسانی دیكە ڕزگار دەكەن و هاوكارییان دەكەن.
زۆر گرنگە لێرەدا تیشكی بەخەمەسەر ڕاستە هەندێك لە مەلەوانەكان لە چوارچێوەی یاسایی و فەرمانبەری حكومەتن لە هێزەكانی فریاكەوتن بەڵام بەشێك لەم مەلەوانانە بە شێوەیەكی خۆبەخش كار دەكەن بە بێ بەرامبەر تەنها لە پێناو مرۆڤایەتی خزمەت دەكەن، كە ئەمانەش لە سەرەتاوە وەك وەرزشكار و یاریزانی مەلەوانی دەستیان بە یاری مەلەوانی كردووە، بەڵام دواتر فێری تەكنیكە پێشكەوتووەكانی ڕزگاركردن لە ئاو بوون و كاتەكانی خۆیان بۆ خزمەتی هاوڵاتیان تەرخان كردووە.
ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاكێشام وتەی یەكێك لە مەلەوانەكان بوو كە دەڵێت: كاتێك كەسێك لە ئاودا خەریكە دەخنكێت، تەنها یەك شت لە مێشكمدایە ئەویش بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدەم ئەم كەسە بگەڕێنمەوە بۆ ناو باوەشی خێزانەكەی، تەنانەت ئەگەر ئاوەكە زۆر سارد بێت یان هێزی ڕووبارەكە زۆر بەهێز بێت، من دەبێت خۆم بخەمە ناو ئاوەكە و هەموو توانام دەخەمە گەڕ بۆ ڕزگاركردنی هەرچەند بارودۆخەكەش سەخت بێت.
یەكێك لە تایبەتمەندییە گرنگەكانی كاری مەلەوانە ئازاكان ئەوەیە كە بەردەوام هاوكاری تیمەكانی فریاگوزاری و بەرگری شارستانی دەكەن، بەتایبەت لەو شوێنانەی كە تیمە فەرمییەكان ناتوانن فریا بكەون یان كاتیان پێدەچێت تا دەگەنە شوێنی ڕووداوەكە، مەلەوانەكان دەتوانن بە خێرایی بڕیار بدەن و بچنە ناو ئاوە مەترسیدارەكانەوە، بە پشت بەستن بە توانای جەستەیی و شارەزاییان لە مەلەوانیدا، خێرا دەچنە ناو ئاوەكەوە و قوربانییەكان ڕزگار دەكەن.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2024 دا، نزیكەی 35% ی ئۆپەراسیۆنەكانی ڕزگاركردن لە ئاو بە هاوكاری ڕاستەوخۆی مەلەوانە خۆبەخشەكان ئەنجام دراوە، ئەمەش دەری دەخات نەسەرما و نەهێزی ئاو، ناتوانن مەلەوانەكان ڕابگرن لە گەیشتن بە ئامانجەكانیان، بە تایبەت لە وەرزی زستاندا، كاتێك پلەی گەرمی ئاو نزیك سفر دەبێتەوە، یان لە كاتی لافاو كە ڕووبارەكان زۆر بەهێزن، ئەم كەسانە هەر بەردەوام دەبن.
لە لایەكی دیكە هەرچەندە مەلەوانەكان هەوڵدەدەن ژیانی كەسەكان ڕزگار بكەن، بەڵام بەداخەوە هەموو حاڵەتەكان بە سەركەوتوویی كۆتاییان نایەت، جار جار، ڕۆڵیان دەبێتە دۆزینەوەی لاشەی ئەو كەسانەی كە خنكاون، ئەمەش یەكێكە لە قورسترین ئەركەكانیان، بەڵام وەك خزمەتێكی گرنگ بۆ خێزانی قوربانییەكان هەموو هەوڵێك دەدەن، بێگومان دۆزینەوەی لاشە كارێكی دژوار و زۆر سەختە، بەڵام ئەمە گرنگە بۆ خێزانی كەسە خنكاوەكان كە بتوانن پرۆسەی ماتەمینی خۆیان دەست پێ بكەن، زۆرجار خانەوادەی مردووەكان بە فرمێسكەوە سوپاسی مەلەوانەكان دەكەن، چونكە توانیویانە لاشەی ئازیزەكانیان بۆ بگەڕێننەوە.
مەلەوانێكی باش لەوانەیە بتوانێت بە خێرایی مەلە بكات یان بۆ ماوەیەك لە ژێر ئاودا بە باشی هەناسە ڕابگرێت، بەڵام مەلەوانی ڕزگاركار و فریاكەوتن پێویستی بە توانای زیاترە، ئەوان دەبێت بتوانن لە نێو ئاو كەسێك بپارێزن لە مردن، هەروەها لە سەرجەم بارودۆخە سەخت و خراپەكانی كەش و هەوادا مەلەوانی بكەن و زۆر جار بۆ چەندین مەتر دەبێت بڕۆنە ژێر ئاو، و نابێت هەست بە فشارو دڵەڕاوكێ بكەن، و پێویستە هیچ پاڵەپەستۆیەكی دەروونییان لەسەر دروست نەبێت.
ئەوەی گرنگە بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو ئەنجامدانی وەرزشی “فێركردنی مەلەوانی” بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی خنكان بكەین بە پڕۆژەی داهاتوومان، منداڵ و لاوەكانمان لە تەمەنێكی بچووكەوە هەر لە قوتابخانەكانەوە فێری وەرزشی مەلەوانی بكرێن و ئەمەش دەكرێت لایەنی پەیوەندیدار بیر لەم بابەتە بكاتەوە و نەخشە ڕێگایەكی لەباری بۆ دابنێت، چونكە ئەمە دەبێت بە یەكێك لە گرنگترین ڕێگا چارەسەرییەكان بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی خنكان، بۆیە با هەموومان فێری مەلەوانی بین، هەروەها كار بكرێت لە سەر بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەسەر مەترسییەكانی ڕووبار و دەریاچەكان بە مەبەستی خزمەتی هاونیشتیمانیانی هەرێمی كوردستان.
لە كۆتاییدا پێویستە نزیك نەبینەوە لەو شوێنانەی كە بۆ مەلەوانی دیاری نەكراون بە تایبەت لە وەرزی زستان و بەهاردا، ئەگەر كەسێك لە خێزانەكەتان دەیەوێت بچێتە ناو ئاو، دڵنیا ببنەوە كە دەتوانێت بە باشی مەلە بكات.
مەلەوانە ئازاكان نموونەی ڕاستەقینەی قارەمانەكانی كۆمەڵگەن كە زۆرجار بێ ئەوەی ناویان بێتە ناو میدیاكانەوە، خزمەتی گەورە پێشكەش بە كۆمەڵگا دەكەن، ئەمانە سەلماندوویانە كە مەلەوانی تەنها وەرزشێك نییە بۆ خۆشی، بەڵكو دەتوانێت ببێتە هۆكاری ڕزگاركردنی گیانی كەسانی تر و دڵنەوایی خێزانەكان لە كاتی تەنگانەدا، خەڵكی كوردستان شانازی بەم مەلەوانە ئازایانەوە دەكەن كە نە سەرمای زستان و نە هێزی ڕووبارەكان ناتوانن ڕایان بگرن لە خزمەتكردنی كۆمەڵگەدا.