رێبوار حەمەلاو شوانی
رووداو و پێشهاتەکانی چەند ساڵی رابردوو و بەتایبەتی لە دوای رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 ناوچەکە و جیهانی بردۆتە قۆناغێکی نوێیەوە و بەتایبەت بۆ دۆزی کورد کە سەد ساڵە بەەست ستەمکاری و داگیرکارییەوە ڕووبەڕووی سەختترین بارودۆخ و هەوڵی سڕینەوە ولەناوبردن بووەتەوە جێگەی بایەخ و ئومێدە کە بتوانێت سوود لەو هەڵومەرجە بە شێوەیەکی باش وەربگرێت.
لەو نێوەدا رۆڵی سەرکردایەتیی سیاسی هەرێمی کوردستان بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی وردبینانە و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆرانکاری و هاوکێشەکان توانیوێتی ڕۆڵێکی گرنگ لە بەرقرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بگێرێت ، بەتایبەتی ڕۆڵی لە یەکتر نزیککردنەوەی ئەنقەرە و شام و لەگەڵ کوردانی باکوور و رۆژئاوای کورد و ئینجا ئەو نامەیە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانەوەی ئاراستەی پەکەکەی کرد و دواتر داوای لە سەرۆک مسعود بارزانی کرد کە ، کاریگەری و رۆڵی خۆی لە نێوان ئەنقەرە و پەکەکە ببینێت بۆ چارەسەری ئاشتیانە و بە ڕێگەی سیاسی تا کۆتایی بە چوار دەیەی شەڕی چەکداری بێت .
ئینجا چارەسەری دۆزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ حکوومەتە نوێیەکەی سووریا ، ئەوەش دوای سەردانی گشت هێزو لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ لایی جەنابی سەرۆک بارزانی لە پێناو چارەسەری ڕیشەیی بۆ دۆزی کورد و بەدەستهێنانەوەی ئەو مافانەی کە دەیان ساڵە لە لایەن ڕژێمەکانی ئەسەدەوە نکۆڵی لێدەکرا ، ئێستا رۆڵی سەرکردایەتیی سیاسی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی زڵهێزی وەک ئەمەریکا و فەرەنسا و ئەوروپا و کۆبوونەوە سەبارەت بە دۆزی کورد و چارەسەری و کەمکردنەوەی گرژی و پێکدادانەکان ئاماژەیەکی روونن بۆ هەوڵی چارەسەری ئاشتیانەی هەرێمی کوردستان
بەتایبەتی ، سەردانی ، مەسروور بارزانی ، سەرۆکوەزیرانی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی و دیداری و گفتوگۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوە و دواتر سەرۆککۆماری تورکیا لە پێناو چارەسەری ئاشتیانە دۆزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان ئاماژەیەکی روونن بۆ هەوڵ و تێکۆشان هەرێمی کوردستان بۆ ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە .
ئەوەش ئەزموونێکی گرنگ کە هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی دەبینێت ، چونکە مێژووی هەرێمی کوردستان لە عێراق و توانایی مامەڵەکردنی لەگەڵ گۆرانکارییەکان لە عێراق و ناوچەکە کە سەریانهەڵداوە وایکردووە کە بتوانێت رۆڵی هەرێمایەتی بەرچاو ببێنێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و لەیەکتر نزیکردنەوەی دیدگاکان نە تەنها لە نێوان کورد و وڵاتانی ناوچەکە بەڵکو لە نێوان ئەو و وڵاتانەی کە پەیوەندییان بە دۆزی کوردەوە هەیە ، هەروەها گواستنەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە توانیوێتی گەشەی ئابووری وکەلتووری و فرەیی سیاسی و ئاشتیی ناوۆیی تێیدا فەراهەم بکات ، بۆیە ، دەتوانێت بەهەمان شێوە بۆ کوردانی رۆژئاوا و باکووری کوردستانیش بەهەمان شێوە رۆڵ ببینێت .
لەو ڕووەوە سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان توانیوێتی پەپوەندییەکانی لەگەڵ هەموو وڵاتان و بەتایبەت عەرەبییەکان گەشەپێکات و لە ڕووی ئابووری و سیاسی و گەشتیاری و پەرەپێدانەوە پەیوەندییەکانی بەهێزتر بکات و ئەوەش ئاماژەیە کە رۆژ بە رۆژ سەنگ و پێگەی کوردستان زیاتر بەرەو ئاستێکی باش لە رووی دیپلۆماسی و پێشکەوتن هەنگاو بنێت .