ئیمامی عەلی بە خودا دەزانن و مانگانە بە گیانی خۆیان قوڕبانی بۆ دەدەن
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا دەستگیركردنی سەرۆكی گرووپی قوربانی شیعەكان و دەییان ئەندامی ئەو گرووپەی لە پێنج پارێزگای عێراق ڕاگەیاند .
عەبدولكەریم بەسری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە بارەی گرووپەكەوە بەو شێوەیە قسەی بۆ میدیاكانی عێراقی كردووە و دەڵێ “دامەزرێنەر و 148 ئەندامی گرووپەكە دەستگیركراون، كە عەلی كوڕی ئەبوو تاڵیب بە خودا دەزانن و لە ناوخۆیاندا بە شێوازی تیروپشك (قوڕعە) مانگانە یەكێك لە ئەندامەكان خۆی دەكاتە قوربانی و خۆی دەكوژێت،”
بەسری ئاشكراشی دەكات گرووپەكە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبوون دان بە تایبەت لە پارێزگا شیعەنشینەكانی باشووری عێراق (بەسرە، واست، موسەننا و دیوانییە) و تا ئێستا چەندین ئەندامیان لە پێناو عەلی خۆیان كردووەتە قوربانی و كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە .
وەزارەتی ناوخۆی عێراق گرووپی قوربانی بە توندڕەو ناو بردووە كە هانی توندوتیژیی و كاری خۆكوژیی دەدات و بە پێی یاسا قەدەغە كراوە و تا ئێستا چەندین ئەندامیان لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون .