د. هیوا ئەبوبەكر، پزیشكی ڕاوێژكاری وردی نەخۆشییەكانی هەرس و جگەر
برینی گەددە بریتیە لە كونی ئازار بەخش كە لەسەر ڕووكەشی ناوەوەی گەدە و بەشی سەرەوەی ڕیخۆڵە باریكە دروست دەبن، ئەم برینە كاتێك دروست دەبێت كە زیان بە پەردەی پارێزەری گەددە دەكەوێت كە ترشی ناو گەددە جیا دەكاتەوە لە ڕووكەشی دەرەوەی گەدە.
بە شێوەیەكی گشتی برینی گەدە بەهۆی بەكتریای H. Pylori و كۆمەڵەی دەرمانەكانی (NSAID) وەك ئایبۆپرۆفین، دایكلۆفیناك و ناپرۆكسین…هتد، دروست دەبن ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆر بەكاربێنن.
*نیشانەكانی برینی گەددە بریتین لەمانەی خوارەوە:
- ئازاری گەددە و هەستكردن بە سووتانەوە.
- دڵەكزێ.
- هەستكردن بە تێری و هەرس نەبوونی خواردن.
- لەدەستدانی كێش.
- ڕشانەوە بە خوێنی سور یاخود ڕەش.
- هەبوونی خوێنی ڕەش لە پیساییدا.
ئەگەر بڕینی گەدە چارەسەر نەكرێت بە زووترین كات دەبێتە هۆی كۆمەڵیك كێشە و گرفتی مەترسیدار وەك: - خوێن بەربوونی ناوەكی: كە دەبێتە هۆی لەدەستدانی خوێن و كەمی خوێن لە كەسەكەدا، كە لە رێی رشانەوە و پیسایی بە دیار دەكەوێت.
- دروستبوونی كونی گەورە لە گەدەدا: ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی هەوكردنی درێژخایەن و مەترسیدار لە كۆئەندامی هەرسدا.
- گیرانی كۆئەندامی هەرس: ئەم برینانە دەبنە هۆی گیرانی ڕێڕەوی كۆئەندامی هەرس وهەستكردن بە تێری بەردەوام و لەدەستدانی كێش.
- شێرپەنجەی گەددە: بە پێی توێژینەوە زانستییەكان ئەو كەسانەی تووشبووی بەكتریای H.Pylori دەبن ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی گەدە زیاترە.
*ڕێگاكانی خۆپارێزی لە برینی گەددە چین؟ - خۆپاراستن لە تووشبوون بە بەكتریای H.Pylori كە ئەویش لە رێگەی خۆراك و ئاوی پیس دەگوازرێتەوە، دەست شۆردنی بەردەوام، خواردنی خۆراكی پاك و خاوێن و كوڵێنراو گرنگترین رێكارەكانن بۆ خۆپاراستن لەم بەكتریایە.
- بەكارهێنانی دەرمانە ئازار شكێنەكان بە وریاییەوە بە تایبەتی كۆمەڵەی دەرمانەكانی (NSAID) كە پێویستە لەسەر گەددەی تێر و دوای نان خواردن بەكاربهێنرێت، هەروەها بەكارنەهێنانی ئەم كۆمەڵە دەرمانانە لەگەڵ خواردنەوە كحولیەكاندا.