زاری كرمانجی-چۆمان
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان دەڵێت: لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا تائێستا خەڵكێكی زۆری سنوورەكەمان ڕوویان لە سێكتەری گەشتیاری كردووە، بەمەش لە هەندێ گوندە گەشتیارییەكانی ناوچەكەمان خواستی زۆر لەسەر كڕینی زەووی و زار درووست بووە، بە مەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی گەشتیاری.
هەڵگورد محەمەد ناوەندەیی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان بەزاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” بەهۆی ئارەزووی زۆری گەشتیاران و سەردانی كردنیان بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی قەزای چۆمان، بەتایبەت گوندە گەشتیارییەكان نرخی خانوو زەووی لەم شوێنانە بەرزكردووەتەوە، بۆ نموونە نرخی زەووی واهەیە 10 بەرامبەر پێشووتر بەرزبووەتەوە، سەرەڕای ئەوەش خواستی زۆری كڕینی هاووڵاتییانی لەسەرە، چونكە لەوە گەیشتوون بە هەبوون و دروستكردنی خانووییەكی گەشتیاری یان كەپر و شوێنێكی فۆلكلۆری، داهاتێكی چەندیان دەست دەكەوێت”.
ئاماژەی بەوەشدا: “چەند پڕۆژەیەكی ستراتژی گەشتیاریمان لە بەرنامەو پلانی داهاتوودان كە پڕۆپۆزەڵ ئامادەمان كردوون و بەرزمان كردوونەتەوەو چاوەڕوانی ڕەزامەندین، بە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە گەشتیاری باڵەكایەتی دەچێتە قۆناغێكی پێشكەوتوتر، زۆربەی كارو پڕۆژەكانیش لە ڕێگەی وەبەرهێنەران دەبێت، ئێمە زیاتر چاودێریان دەكەین، بەتایبەت لە كوالێتی پڕۆژەكەو هەروەها نرخ و سەرجەم ئەو پێكهاتانەی كە هێمای سەردەمیانەی گەشتیاری دەبەخشن.