محەمەد هەسنانی-سۆران
سەرۆك مەسعود بارزانی حەڤدەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێبی لە لە شاری هەولێر كردەوە، بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی سۆران، بە 35 ناونیشانی سەرچاوەو كتێبی نووسەرانی ئیدارەی سۆران بەشداره لە پیشانگەكە.
ئەو پێشانگەیە لە لایەن دەزگای مەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری ڕێكخراوە، ڕۆژی چوارشەممە 9ی نیسانی 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆك مەسعود بارزانی و ژمارەیەك میوان و نوێنەری وڵاتان و كەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس لەژێر ناونیشانی “جیهان بە كوردی دەدوێت” دەستی بە كارەكانی كرد تا 19-9-2025 بەردەوام دەبێت.
سەلیم مستەفا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی سۆران، بەزاری كرمانجی ڕاگەیاند: “وەك بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بە نوێنەرایەتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە 35 ناونیشانی كتێب و توێژینەوەی جۆراو جۆر بەشدارین، كەسەرجەم ئەو بەرهەمانە هی نووسەرانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن و لەماوەی زیاتر لە ساڵێك لەسەر ئەركی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان چاپ و بڵاو كراونەتەوەو كەوتوونەتە بەر دیدی خوێنەران”.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی سۆران، ئاماژەی بەوەشدا: “بەپێی ئەوەی پەرتووك و سەرچاوەكانی ئێمە چاپی نوێن، زۆرترین خوێنەرو ڕۆشنبیر ڕوو لەلای ئێمە دەكەن و خواستی زۆری هاووڵاتییان لەسەر بەرهەمەكانی ئێمە هەیە، لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لەسەر چاپ و بڵاوكردنەوەی بەرهەمی نووسەرانی دەڤەرەكەمان”.
لە دواقسەكانیدا سەلیم مستەفا، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی كە لە كاتی كردنەوەی پێشانگاكەدا سەرۆك بارزانی سەردانی بەرهەمەكانی كتێبی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی سۆرانی كردووەو دڵخۆشی خۆی بەرهەمەكانیان دربڕیووە، هەروەها دوو پەرتووك بەناونیشانی ( بارزان و شەرحی دیوانی مەلای جزیری) وەك دیاری پێشكەشیان بەسەرۆك بارزانی كردووە.