“بەر لەوەی دەست بۆ فڵچە ببەم لە رووی روحییەوە ئامادە دەبم”
ئا/ مستەفا دۆلەمەری :
مریەم حەسكۆ رەشید، ساڵی ١٩٨٠ لە شاری (كاشان)ی ئێران لەدایكبووە، بەهۆی ئەوەی بنەماڵەكەیان ئاوارەی ئیران بوونە، ئەویش هەر لە وڵاتی غەریبی چاوی بە جیهان دەكاتەوە، ئەمەش وادەكات تەمەنی منداڵی و سەرەتای نەوجەوانی لە نێو كەلتووری جیاواز بێت و تێكەڵ بە دونیایەكی جیاوازتر بێت، ئەم خاتوونە ساڵی ١٩٩٥ گەڕاوەتەوە بۆ زێدی باب و باپیرانی و ئێستا دانیشتووی قەزای مێرگەسۆرە، ئەو ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە و خاوەن 3 منداڵە، بەڵام ئەو حەزەی لە منداڵییەوە هەیبووە كە هونەری وێنەكیشانە هەر لە ناخی ماوە و لە پەنای ئەركی ماڵەوەیان دەست بۆ رەنگ و فڵچە دەبات.
مریەم دەڵێت” ئافرەتی ماڵەوەم خاوەنی سێ منداڵم سەرەڕای ئەركی دایكایەتی و كاری ماڵەوە، تامەزرۆیم بۆ كاری هونەری زۆرە و وەك حەز و زۆرجاریش بۆ دەربڕینی هەستەكانم دەست بۆ وێنەكێشان دەبم، خولیای وێنەكێشان ئەوەنەدە بە قوڵی رووچۆتە ناخمەوە كە لە پاڵ ئەو هەموو ئەركەشدا هێشتا نەبوونەتە ڕێگر لە بەردەم ئارەزووەكانم بۆ كاری هونەر و بە بەردەوامی كاری لەسەر دەكەم”.
مریەم، دەشڵێت” كاتێك وێنە دەكێشم هەستێكی زۆر خۆشم هەیە، بەر لەوەی دەست بۆ فلچە ببەم بیر لە چواردەور و ژیان دەكەمەوە، تێڕوانینم بۆ جیهان و دەورووبەرم، بۆ رووداوەكان، بیر كردنەوە بۆ ئەو دیوی بابەتەكان، سۆز و خۆشەویستی بۆ كەسانی تایبەتی ژیان و مرۆڤایەتی، هەموو ئەمانە هاندەرن كە مرۆڤ بە خەیاڵیش بێت بچێتە جیهانێكی تایبەت و پڕ لە بیركردنەوە و لێكدانەوەی جیاجیا بە پێی عەقڵ و تێڕوانینەكانی خۆیەوە، ناشكرێت سروشتی جوان و دڵڕفێنی كوردستانیش نەبێتە ئیلهام بەخش بۆ هەر جۆرە كاری هونەری و ئەدەبی”.
خاتوو مریەم نەیشاردەوە، ئارەزووی ئەوەی هەبووە لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان بخوێنێت، تا بتوانێت تواناكانی زیاتر بەرەو پێش ببات و خزمەتی زیاتر بكات، شتی زیاتر فێربێت و هەموو كاتێك خەونی ئەوەی هەبووە پێشانگایەكی تایبەت بەخۆی بكاتەوە.
مریەم حەسكۆ، وەك خۆی گووتی ” چەندین جار بەشداری لە پێشبڕكێكانی وێنەكێشان كردووە و پلەی دووەمی لەسەر ئاستی سۆران و بارزان بە دەست هێناوە و چەندین خەڵات و سوپاس و پێزانینم پێبەخشراوە”.
” ئێمەی ئافرەت دەتوانین جگە لە كاری ماڵەوە كاری هونەری وەك وێنەكێشان، كاری دەستی، خەیاتی و چەندین بواری دیكە كە پێویستی بە بەهرەی تایبەتە رۆڵ ببینین و شوێن پەنجەمان دیار بێت، دەتوانم بڵێم ئافرەتی كورد هەموو كاتێك بە توانا و لێهاتوون، لەبەر ئەوەی سەختی و ئازاری زۆریان چێشتووە و قەدری ئازادی و مرۆڤایەتی و ژینگە دەزانن “.( مریەم حەسكۆ وای گووت).
ئەم خاتوونە دەست رەنگینە لە كۆتایدا سوپاسێكی زۆری خێزان و بە تایبەتیش هاوسەرەكەی دەكات كە زۆر پاڵپشتی بوونە بۆ كاری هونەری.