مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی 800 كەسایەتی و نووسەری ئێرانی لە نامەیەكی كراوەدا داوایان لە حكومەت كرد ڕێگە لە یادكردنەوەی جەژنی نەورۆز بگرێت و ڕێوڕەسمەكانی نەورۆزیان بە ئاهەنگی خۆجێیی و خێڵەكی ناو برد، لە بەرامبەردا هەزار چالاكوانی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ڕاگەیاندرواێكدا وەڵامی ئەو كەسایەتی و نووسەرانی ئێرانیيان دایەوە و ڕایانگەیاند “ئەو هەنگاوەی كەسایەتی و نووسەرانی ئێران، هەوڵێكە بۆ هاندانی سەركوتی زۆرتری نەتەوەی كورد و برینێكی قووڵیان لەسەر جەستەی، هیوا بە پێكەوەژیانی نەتەوەكانی ئێران دروست كردووە،” و دەشڵێن “نەورۆزی ئێمە، نەورۆزی بەرەنگارییە.”
لە ڕاگەیاندراوەكەی هەزار چالاكوان و نووسەر و كەسایەتی كورد هاتووە “نەورۆز، نە تەنیا بەشێكە لە فەرهەنگ و یادەوەری مێژوویی نەتەوەی كورد، بەڵكوو نەریتێكە لەم جوگرافیا ڕەگ و ڕیشەی داكوتاوە و هەموو سنوورەكانی بڕیوە، بۆیە بە دەنگێكی بەرز دەڵێن: ئێمە هەین، بووین و هەر دەمێنین .”
چالاكوانانی كورد جەخت لەوەش دەكەنەوە “شوناسی ئێمە ئامرازێك نییە بۆ هەڕەشە، شوناسی ئێمە تۆوی پێكەوە ژیانە” و ئەوەشیان خستووەتە ڕوو، “جیاوازیی نەورۆزی ئەمساڵ تەنیا بەربڵاویی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەكانی نەورۆزی نەبوو، بەڵكوو ئەم ڕێوڕەسمانە لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە جیهانی بووەوە. بۆ یەكەمین جار كەرنەڤاڵەكانی نەورۆزی كوردستان، لەبەر چاوی جیهان، وەكوو ئەوەی هەیە، واتا نەریتێكی فەرهەنگی و بەرەنگارانە و زیندوو، خۆی دەرخست. نەریتێك كە ساڵانی پێشوو لە ژێر ناوی جۆراوجۆر، دەستی بەسەردا ڕاگیرابوو.”


































































