زاری كرمانجی-بارزان
پارێزگاری هەولێر، تیمەكانی بەرگری شارستانی تایبەت بە گەڕان بە دوای تەرمی ئاڤێستا یوسف بەسەردەكاتەوەو هاوخەمی بۆ باوكی و خانەوادەكەی دەردەبڕێ.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە: “بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە پرۆسەی كاری تیمەكانی بەرگری شارستانی لە هەوڵەكانی گەڕان بە دوای تەرمی ئاڤێستا سەید یوسف، سەر لە بەیانی ئەمرۆ 12.4.2025 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، كەس و كارو ئەو تیمانەی لە شوێنی رووداوەكە لە نزیك رووباری تەنگانور سەرقاڵن بەسەركردەوە.
پارێزگاری هەولێر بە پەرۆشەوە گوێبیستی باوكی ئاڤێستای بوو، دڵنەوایی كردو جەختی لەسەر فەرمان و راسپاردەكانئ سەرۆك بارزانی كردەوە كە هەموو هەوڵێك بۆ دۆزینەوەی ئاڤێستا بخەنە گەرو لە هەوڵەكانیان ماندوو نەبن و بەردەوام بن، هاوكات پارێزگاری هەولێر، تیمەكان بەدوا گەرانی بەسەر كردەوەو تاكیدی لەبەردەوامی كاركردن تا دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا كردەوە، كە هەموو شەقامی كوردی نیگەران كردەوەو خەفەتباری گەیاندە كەس و كاری.
پێنجشەممەی رابردوو مەلا مستەفا مەسعود بارزانی، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، وێڕای سوپاس و دەست خۆشی لە سەرجەم تیمەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ماوەی چەند ڕۆژێكە بەردوامن لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ناوبراو، بۆ بەجێگەیاندنی ڕاسپاردە و فەرمانی سەرۆك بارزانی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەدا بەڕێزیان، پارێزگاری هەولێری ڕاسپارد كە تیمەكانی بەرگری شارستانی و تیمی فڕۆكەوانی فریاگوزاری شاری هەولێریش، لە سنووری (بێخمە تا قەزای خەبات) بخرێنە ئەرك و هەوڵەكان چڕتربكرێنەوە بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا یوسف.
ئاڤێستا یوسف بەرزنجی، تەمەن 27 ساڵ، دانیشتووی هەولێر، رۆژی 5ـی نیسانی 2025 كەوتە نێو رووباری تەنگاتوور لە قەزای مێرگەسۆر و تاوەكو ئێستا بێسەروشوێنە.

































































