مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوو شاندی ئەمەریكا و ئێران بە مەبەستی دانوستان و ڕێككەوتن گەیشتوونەتە وڵاتی عومان.
وا بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 12ـى نیسانی 2025، هەر دوو شاندی ئەمەریكا و ئێران لە مەسقەت ی پایتەختی عومان دانوستانەكانیان لە سەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران دەست پێ بكەن و هەردوولاش جەخت لەوە دەكەونەوە كە ئامانجیان ڕێككەوتنە و دەیانەوێت بە شێوەیەكی ئارام كێشە و ناكۆكییەكان چارەسەر بكرێن .
شاندی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی ستیڤ ویتكۆف نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوكات شاندی ئێرانیش بە سەرۆكایەتی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و بە نێوانگیریی بەدر بوسەعید، وەزیری دەرەوەی عومان لە پایتەختی میرنشینی عومان كۆدەبنەوە و قسە لە سەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران دەكەن .
چەند شەوێك بەر لە ئێستا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند كە ڕێگە بە ئێران نادات ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و ئەگەر پێویست بە ڕێگەی سەربازی بكات، ئەوا ڕێگەی سەربازی دەگرینە بەر. ئەوەشی گووت “دەمانەوێت لەگەڵ ئێران ڕێكبكەوین.”
دوای ئەوەش عەلی شەمخانی، ڕاوێژكارێكی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاند كە ئەگەر بەرپرسانی واشنتن لە هەڕەشەكانیان بەردەوام بن، پشكنەرانی وێستگە ئەتۆمییەكان كە سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانن لە وڵاتەكەی دەردەكات و گوتیشی “تاران ڕێككەوتنێكی “ڕاستەقینە و دادپەروەری” دەوێت لەگەڵ ئەمەریكا .
.
.
































































