زاری كرمانجی-قەسرێ :
بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ، لە سنووری قەزای چۆمان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: “سنووری ناحیەكەمان زیاتر لە 36 گوند لە خۆدەگرێت، هەوڵمانداوە هاوشێوەی سەنتەری ناحیەكەمان بەپێی توانا خزمەتگوزاری پێویستیان پێشكەش بكەین، هەروەك بەرنامەو پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان لە پێشینەی كارو پڕۆژەكاندایە”.
عەبدولڕەحمان ڕەسول، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ، گووتیشی: ” هەوڵمدانداوە بەپێی بەرنامەو پلان و ئەو بودجەیەی ساڵانە بۆمان دابین دەكرێت، خزمەتگوزاری جۆراوجۆر پێشكەش بە گوندەكان بكەین لەپێناو زیاتر ئاوەدانكردنەوەیان، بەڵام بەداخەوە تائێستا نەتوانراوە خزمەتگوزاری وەك پێویست پێشكەش بە بەشێك لە گوندەكانی سنوورەكەمان بكەین، چونكە بەهۆی خراپی بارودۆخی سەربازی و بوونی پەكەكە لە سنووری ئەم گوندانە بەربەستی بۆ دروست كردووین”.
بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ، گووتیشی: ” ئەو گوندانەی كە لە سنوورەكەمان بەهۆی بوونی پەكەكە ئاوەدان نەكراونەتەوە بریتین لە زیاتر لە 13 گوند، چونكە بەهۆی ئەو هێزە مەترسی بۆردومانكردنیان لەسەرە لەلایەن فڕۆكەكانی سوپایی توركیا، ئەوەش وایكردەوە كە بەربەست بێت لەبەردەم پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و ترسی ئاوەدانكردنەوەیان لەلایەن هاووڵاتییان.
































































