مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
غەفوور مەخمووری، سكرتێری یەكێتی نەتەوەی دیموكراتی كوردستان و چاودێری سیاسی لە هەڤپەیڤینێكی زاری كرمانجی دا قسە لەسەر دواین گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند پرسێكی گرنگی پەیوەست بە كورد دەكات لە ناوچەكە.
زاری كرمانجی: كورد لە كوێی هاوكێشە سیاسییە نوێیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دایە ؟ زیان و سوودەكانی چی دەبن بۆ كورد ؟
غەفوور مەخمووری: دونیای سیاسەتی ئەمڕۆ دونیای بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزە، بەداخەوە هیچ پارێزبەندییەك بۆ پاراستنی نەتەوە چەوساوەكانی رۆژهەڵاتی ناڤین نەماوە، لەبەرئەوەی ئەمڕۆ دونیا دونیای بەرژەوەندییەكانە، ئەوەی من تێبینی دەكەم لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ئەخلاق نەماوە، هەرچەندە كورد بە ئەخلاقەوە سیاسەت دەكات، بەڵام بەرامبەرەكەمان بە ئەخلاقەوە سیاسەت ناكات، سەیر دەكەیت ئەمریكا دێت لەسەر خوێنی ئێمە مامەڵەیەكی بازرگانی لەگەڵ توركیا دەكات، هەروەكو چۆن لە ٢٠١٧ لەسەر خوێنی ئێمە مامەڵەیەكی بازرگانی لەگەڵ عێراق كرد، ئەگەرچی ئێمە هەڤاڵبەندی ئەمریكا بووین و پێكەوە لەساڵی ٢٠١٤ تاوەكو ساڵی ٢٠١٧ بەشداری شەڕی داعشمان كرد، بەڵام هەموومان بینیمان لە ٢٠١٧ لەدوای تەواوبوونی پرۆسەی ریفراندۆم ئەمریكا پشتی لە ئێمە كرد و گڵۆپی سەوزی بۆ عێراق هەڵكرد كە هێرش بكاتە سەر كوردستان، بۆیە پێویستە كار بۆ یەكڕیزی و یەكگرتوویی خۆمان بكەین، بەمە دەبینە ژمارەیەكی بەهێز لەنێو هاوكێشە سیاسییەكان و دەتوانین بەرژەوەندییەكانی خۆمان بپارێزین، بەڵام ئەگەر وەك ئێستا بە پەرشوبڵاوی بمێنینەوە ئەوا حاڵمان لە ئێستادا باشتر نابێت.
هەروەها پێویستە شێوازی خەباتی خۆمان بگۆڕین و پەیامێك بە هەموو دونیا رابگەیەنین، كە ئەگەر ئێمە لەسەر ماڵ و حاڵ و خاكی خۆمان نەتوانین بە ئاشتی بژین، وڵاتانی ناوچەكەو جیهانیش ناتوانن بەئاشتی بژین، ئەوەش چۆن دەكرێت؟ بێگومان ئەو كارە بەیەكڕیزی و یەكدەنگی و گۆڕینی شێوازی خەباتی ئێمە دەكرێت، بەوە دەكرێت كە ئێمە بتوانین مەترسی و هەڕەشە بین لەسەر بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز و بەرژەوەندپەرست و لەسەر بەرژەوەندی ئەو وڵاتانەی كە دژایەتی كورد دەكەن، لەوانەیە ئەو كات ئەو لایەنانە ستۆپێك بكەن، بەڵام تا ئێمە بە شەرمەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بكەین، رەوشی ئێمە پێشناكەوێت و هەروا دەمێنێتەوە، كێشەی ئێمە لێرەدایە، ئێمە لەناوخۆمان یەك نین، ئەوەش وایكردووە كە بەهێزنەبین.
زاری كرمانجی: ئەو هەنگاوانە چین كە پێویستە دەسەڵاتدارانی كورد لەپێناو پاراستنی ماف و سەربەخۆیی و گەشەپێدانی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەكە بیاننێت ؟
غەفوور مەخمووری: دەبێ ئێمە بزانین لەسەر ئاستی ناوەخۆ چی بكەین، لەسەر ئاستی ناوچەیی چی بكەین، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چی بكەین؟ بەداخەوە ئەوەی تێبینی دەكەین ئەمڕۆ ناوەندی سیاسی كوردستان پەرشوبڵاوەو لایەنە سیاسییەكان دووری یەكترن و راوێژی سیاسی نەماوە، ئەمەش وایكردووە بارودۆخێك دروست ببێت هەموومان یەكگرتوو و هاوهەڵوێست نەبین، نەیارانی ئێمەش سوود لەو ناتەباییەی كوردستان وەردەگرن و هەوڵی ئەوە دەدەن كە دەستبخەنە ناو كاروباری كوردستان و، هەوڵی ئەوە دەدەن كە بە شێوەیەك لە شێوەكان هەندێك لایەنی سیاسی بخەنە نێو ئەجێندای خۆیان، بۆیە لەسەر ئاستی ناوخۆیی بۆ رێكخستنەوەی ناوەندی سیاسیی كوردستان و بۆ پاراستنی یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكان پێویستە كەوا (ئەنجوومەنی سیاسیی كوردستان) چەترێكی هاوبەش دروست بكرێت و، هەموو لایەنە سیاسییەكان تێیدا بەشداربن، هەروەها پێویستە لە وەرگرتنی بڕیاری سیاسی كوردستاندا لایەنە سیاسییەكان بەشداربن و پرس و رایان پێبكرێت و راشیان بەهەند وەربگیرێت (نەك پرسە خەسوانەیان پێبكرێت)، نەك را بدەن و گوێشیان لێ نەگیرێت، لەهەمان كاتدا پێویستە لە ناوخۆی كوردستانیش دەزگاو دامەزراوەكان كارا و سیستماتیك بكەین و دەسەڵاتی حزب و حكومەت لێكجیابكەینەوە.
لەسەر ئاستی ناوچەییشدا؛ پێویستە ئێمە رەچاوی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی بكەین نەك بەرژەوەندی حزبی، لەهەمان كاتدا نابێ ببینە لایەنگیری هیچ لایەك لە ململانێی وڵاتانی ناوچەكەدا، بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەدا پێویستە حكومەتی كوردستان بەو كارە هەڵسێت نەك حزبەكان، لەبەرئەوەی ئەوە كاری حكومەتە نەك حزبەكان.
ئێمە ریفراندۆممان ئەنجامداوە، بە رێژەی 92.73% خەڵكی كورستان بە (بەڵێ) دەنگی بۆ سەربەخۆیی كوردستان داوە، بۆیە پێویستە ئێمە (بۆردی سەربەخۆیی كوردستان) دابمەزرێنین، بۆ ئەوەی ئەم بۆردە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كار بكات بۆ چۆنییەتی وەدەستهێنانی سەربەخۆیی كوردستان، ئەندامانی ئەو بۆردەش پێویستە لە كۆمەڵێ كەسایەتیی كورد و كەسایەتی كاریگەری نێودەوڵەتی پێكبهێرێت، كەوا شارەزای یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بن، بۆ ئەوەی بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی گەلانی دیكەی جیهان ئێمەش بە مافی رەوای خۆمان بە سەربەخۆیی كوردستان بگەین.
زاری كرمانجی: تا چەند یەكێتیی كوردان و هاریكاری نێوان پارت و لایەنە سیاسیەكان، كاریگەری لەسەر رووداوە ناوچەییەكان دروستدەكات ؟
غەفوور مەخمووری: پێویستە بە زووترین كات چەترێكی هاوبەش بە بەشداری تەواوی هێزو لایەنەساسییەكانی كوردستان پێكبهێنرێت و، ببێتە خاڵی كۆكەرەوەی هەموو لایەك، بێگومان ئەم هەنگاوە بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی باشووری كوردستان دەبێتە فاكتەرێكی بەهێز، لەهەمان كاتدا لەسەر ئاستی نەتەوەیی پێویستە هەموو لایەكمان كار بۆ یەكبوونی كوردان و بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی بكەین كە تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی مەزن بگرێتەخۆ و ببێتە خاڵی كۆكەرەوەی هەموو لایەكمان، ئەمەش ئەركێكی بەپەلەی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەم قۆناخە چارەنووسسازەی خەباتی گەلی كوردستانە، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە كار بۆ ئەو ئامانجە بكەین، لەبەرئەوەی تەنها بە یەكڕیزی و یەكدەنگی دەتوانین پارێزگاری لە دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان بكەین و كاریگەریمان لەسەر رووداوو پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە هەبێت و، بگەین بە ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان.
زاری كرمانجی: بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەی ئاشتیانە بۆ كێشەكانی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چ جۆرە گفتوگۆیەكی سیاسیی لەگەڵ حكوومەتە ناوچەییەكان بە پێویست دەزانیت كە دژایەتیكردنی كوردییان بە كۆمەڵایەتی كردووە ؟
غەفوور مەخمووری: هەموو لایەك ئەو راستییە دەزانین كە هەمیشە ئاشتی لە شەڕ باشترە، بەڵام بەداخەوە دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان لە ئاست ئەم راستییەدا چاوی خۆیان نوقاندووەو هەمیشە سیاسەتی نەهێشتنی كورد و كوردستانیان پراكتیك كردووەو هەوڵیانداوە كوردستان بە خەڵك و خاكەوە نەهێلن، لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا، هەموو هەوڵێكی ئاشتیان رەتكردۆتەوەو بەردەوام بە ئاگرو ئاسن وەڵامی داخوازییەكانی كوردیان داوەتەوە و، تا ئێستاش بەردەوامن لەسەر ئەو سیاسەتەیان و بەپێی پێویستی خۆیان هەندێ جار پرسی كوردیان هێناوەتە رۆژەڤ و كوردیان خاپاندووە، بۆیە هەقە سوود لە رابردوو ؛ لە دیرۆك وەربگرین و بە زانابوون هەڵسوكەوت بكەین و بڕیاربدەین.
هەرچەندە داگیركەرانی كوردستان هەموو هەوڵێكیانداوە لەسەر هەموو ئاستەكاندا دژایەتی كورد بكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كورد هەمیشە خوازیاری دیالۆگ و ئاشتی بووە، من باوەڕم بە میللەتەكەم هەیە، بەڵام هیچ باوەڕێكم بە داگیركەرانی كوردستان نییە، ئەوانە لە بەرامبەر كورددا هەمیشە مارو دووپشكن، بێگومان چ جاران مارو دووپشكیش نابن بە كۆتری ئاشتی.
زاری كرمانجی: سەرەڕای بوونی هەڕەشە بەردەوامەكانی وڵاتانی داگیركەر، لە ئێستادا بوونی هێزێكی سەربازی نیشتمانی، تا چەند گرنگ و پێویستە بۆ پارێزگاریكردن لە مافە بەدەستهاتووەكانی كورد لە پارچەكانی نیشتمان؟
غەفوور مەخمووری: ئێمە پێویستیمان بەوە هەیە كە شوێنەواری دوو ئیدارەیی نەهێلین و یەك حكومەتی یەكگرتوومان هەبێت كە ئیدارەی هەموو كوردستان بكات، لەهەمان كاتدا پێویستیمان بەوەیە ئێمە لە كوردستان یەك لەشكرمان هەبێت و هێزەكانی پێشمەرگەو پۆلیس یەكبخرێنەوە و دەزگاكانی ئاشایش و هەواڵگری و پۆلیس یەكبگرنەوە، ئەوانە هەموو پرسی گرنگن پێویستە كاریان لەسەر بكرێت، بێگومان بوونی یەك لەشكر دەبێتە خاڵی بەهێزی كوردستان و پێگەی كوردستان لەناو هاوكێشە سەربازی و ئەمنییەكانی ناوچەكە بەهێزتر دەكات.