پـڕۆژەكـان هـەزاران دەرفـەتی كـاریـان رەخسانــدووە
تایبەت بە زاری كرمانجی :
لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، لە دوای هێنانەكایەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان كرایەوە بۆ ئەوەی دەرەفەتی كاری زیاتر لەم سنوورە بڕەخسێت و وەبەرهێنەران بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی جۆراوجۆر روو لە ئیدارەی سۆران بكەن و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان تەواو بكرێن.
دڵڤان عومەر، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند” هێنانەكایەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان لە ئیدارەی سۆران، ئەو پەڕی گرنگی پێدانی سەرۆكی حكوومەت بوو بە ئیدارەی سۆران، بۆیەكەمجار ئەو بەڕێوەبەرایەتییە كرایەوە، بۆ ئەوەی بتواندرێت خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بكەین، پێشتریش چەند پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان لەم سنوورە كاریان لەسەر كرابوو، هەندێكیان تەواو نەكرابوون و بەشێك لەو پڕۆژانەش كەموكوڕتییان تێدابوو، بۆیە ئێمە لیژنەی تایبەتمەندمان دروستكرد بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەو پڕۆژانە و دەستنیشانكردنی كێشەو گرفتەكان”.
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سۆران، ئەوەشی خستەڕوو” لە ساڵی 2024 دە پڕۆژەی جیاواز لە ئیدارەی سۆران كاری وەبەرهێنانیان بۆ كراوە، پڕۆژەكانیش پێكهاتوون لە پێنج پڕۆژەی گەشتیاری، سێ پڕۆژەی پیشەسازی، یەك پەروەردەیی و پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون، لە گەڵ هەمواركردنەوەی دوو پرۆژەی گەشتیاری كە تێچوویان نزیكە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بوو”.
دڵڤان عومەر، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سۆران، ئاماژەی بەوەشدا “جیا لەو پڕۆژانەی باسمان كرد، هاوكات پێداچوونەوەو بەگەڕخستنەوەی هەشت پڕۆژەی دیكەمان كردووە كە پیشتر مۆڵەت درابوون و كاركردن تیایاندا وەستابوو، تێچووی ئەم پڕۆژانەش نزیكەی 300 ملیۆن دۆلار دەبێت، كە خۆی دەبینێتەوە لە سێكتەرەكانی گەشتیاریی و تەندروستیی و پەروەردەیی و نیشتەجێبوون و پیشەسازی و بازرگانی”.
دڵڤان عومەر، گووتیشی” پڕۆژەكانی وەبەرهێنان سەدان هەلی كاری ڕاستەو خۆ و هەزاران دەرفەتی كاری ناڕاستەوخۆیان ڕەخساندووە، لەتەواوی ئەو كارانەی ئەنجامدراون و پێداچوونەوەو فراوانكردنی پڕۆژە و زیادكردنی چەند بەشێكی جیاواز لە پڕۆژەكان كە تێچووی گشتییان نزیك دەبێتەوە لە 200 ملیار دینار و ئێستا لە قۆناغی جێبەجێ كردندان”.

































































