
كامران ابراهیم شێروانی
پرۆژەی بچووكی بازرگانی بریتییە لە كاری تایبەتی كە بە سەرمایە و ژمارەی كارمەندی كەمتر لە كۆمپانیا گەورەكان بەڕێوەدەچێت. ئەم پرۆژانە زۆربەی كات لە چوارچێوەی بازاڕی ناوخۆیی یان هەرێمیدا كار دەكەن و دەكرێت شێوەی دوكان، ناوەندێكی خزمەتگوزاری، یان كارگەیەكی بەرهەمهێنانی بچووك وەربگرن. پێناسەی ئەم جۆرە كارانە لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی پشت بە ژمارەی كەمتر لە كارمەندان، داهاتی ساڵانەی كەمتر، و جۆری چالاكییەكە دەبەستێت.
گرنگیدان بە پرۆژە بچووكەكان لە سیاسەتی ئابووریدا دەرفەتی گەورە بۆ پێشخستنی ئابووری و پتەوكردنی ژێرخانی هەر وڵات و ناوچەیەك دەڕەخسێنێت. هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە ئەم پرۆژانە بە بەراورد بە پرۆژە گەورەكان، پێویستیان بە سەرمایەی كەمترە، خێراتر دەكەونە كار و زووتر بەرهەمەكانیان دەخەنە بازاڕەوە. هەر بۆیەش لە دنیای ئەمڕۆدا، پرۆژەی بچووك بە بزوێنەری سەرەكی (داینەمۆ)ی گەشەی ئابووری دادەنرێت.
لە زۆربەی وڵاتە پێشكەوتووەكان كە خاوەنی ئابووری بەهێزن، پرۆژە بچووكەكان گرنگییەكی ستراتیژییان پێدەدرێت و وەك بڕبڕەی پشتی ئابوورییان سەیر دەكرێن. تەنانەت لە هەندێك شوێن، دامەزراوەی تایبەت هەن كە چاودێری وردی ئەم پرۆژانە دەكەن تا بە تەواوی جێگیر دەبن و توانای بەرهەمهێنانیان بەهێز دەبێت. سوودێكی تری ئەم پرۆژانە ئەوەیە كە سەرمایەی تێدا بەگەڕخراو زووتر سووڕی خۆی تەواو دەكات و بەرهەم دەدات، ئەمەش وا دەكات خاوەنكارەكان هەست بە دڵنیایی زیاتر بكەن لە سەركەوتنی كارەكانیان.
جگە لەمانە، پرۆژە بچووكەكان ڕۆڵێكی یەكجار مەزن دەگێڕن لە كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری. دەرفەت بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەڕەخسێنن كە لە ڕێگەی پسپۆڕی و شارەزایی خۆیانەوە پرۆژەی تایبەت دابمەزرێنن. بەمەش، هەم خۆیان دەبنە خاوەنكار و هەمیش دەتوانن هەلی كار بۆ كەسانی دیكە بڕەخسێنن، كە ئەمە بارگرانی سەرشانی حكومەت كەمدەكاتەوە. بۆیە لە زۆر وڵات، بایەخی پرۆژەی بچووك هیچی كەمتر نییە لە پرۆژە ستراتیژییە گەورەكان.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاستییانە، بوون و پەرەپێدانی پرۆژەی بچووك لە هەرێمی كوردستان پێویستییەكی هەنووكەیی و گرنگە. پێویستە دامەزراوە خۆجێییەكانی حكومەت بە بەرنامەیەكی زانستی و داڕێژراو گرنگی بەم كەرتە بدەن. دەستەی وەبەرهێنان دەتوانێت ڕۆڵێكی كارا ببینێت لە ڕێگەی كارئاسانی بۆ گەنجان و لاوان، تەنانەت ئەگەر بە پێدانی قەرزی بچووكیش بێت (وەك ئەوەی پێشتر هەبوو). ئەگەر ئامانجمان بووژاندنەوەی ئابووری ناوچەكەمان بێت، دەبێت بە زووترین كات ئاوڕێكی جیددی لەم بابەتە بدرێتەوە، چونكە بەبێ گرنگیدان بە پرۆژەی بچووك، گەشەپێدانی ئابووری ناوخۆیی كارێكی ئاستەم دەبێت.
لە سەردەمی ئێستادا، پرۆژە بچووكەكان لە سەرانسەری جیهاندا جێگەی بایەخن، بەهۆی كاریگەری بەرچاویان لەسەر زیادكردنی بەرهەمهێنان، داهێنانی هەلی كار، بەشداری لە گەشەی گشتی ئابووری، بەرزكردنەوەی داهاتی نەتەوەیی و پشتگیریكردنی بەرهەمی ناوخۆیی. ئەم گرنگییە بەتایبەت لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا زیاتر دەردەكەوێت، چونكە پێویستیان بە دەستی كاری زۆر و تەكنەلۆجیای ئاڵۆز نییە، هەروەها دەتوانن لە هەموو ناوچەیەك دابمەزرێن و ببنە هۆكارێك بۆ دابەشكردنێكی دادپەروەرانەتری داهات.
لە كۆتاییدا، هەرێمی كوردستان ئێستا زیاتر لە هەر كاتێكی تر پێویستی بەوەیە كە گرنگیدان بە پرۆژە بچووكەكان بخاتە پێشینەی كارەكانییەوە. ئەمە بەتایبەت گرنگە كاتێك دەبینین حكومەتی ناوەندی لە ڕێگەی فشاری یاسایی و سیاسییەوە هەوڵی لاوازكردنی پێگەی ئابووری هەرێم دەدات و ئاستەنگ بۆ كۆمپانیا گەورەكان دروست دەكات. پەرەپێدانی پرۆژە بچووكەكان نەك تەنها وەڵامێكە بۆ ئەم تەحەدیانە، بەڵكو دەبێتە كۆڵەكەیەكی سەرەكی بۆ بنیاتنانی ئابوورییەكی خۆڕاگر و گەشەسەندوو لە هەرێمی كوردستان.