زارى کرمانجى:
ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، رەنگە لە هاوینی ئەمساڵ دان بە دەولەتی فەڵەستیندا بنێن لەبەرامبەر ئەوەی هەندێک وڵاتی عەرەبی دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا بنێن.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵ 5ـی فەرەنسا ماکرۆن گوتی، “دەبێت بەرەو ئەوە هەنگاو بنێین کە دان بە [دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێین]، من ئەمە بۆ ئەوە ناکەم تا هەندێک لایەن دڵخۆش بکەم، ئەو کارە دەکەم چونکە لە دۆخێک لە دۆخەکاندا کارێکی دروست دەبێت.”
ماکرۆن باسی لەوە کرد، دەیەوێت لە هەوڵێکی گشتی بەشداری بکات و هانی ئەو وڵاتانە بدات کە بەرگری لە دۆزی فەڵەستین دەکەن، لەبەرامبەردا دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلشدا بنێن.
لەبارەی ئەوەی کە چ کاتێک دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت، ماکرۆن گوتی، “ئامانجمان ئەوەیە لە حوزەیرانی ئەمساڵ لەگەڵ سعودیە ئەو کارە بکەین و کۆنفرانسێک پێکبهێنین بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دوو لایەن تا چەند وڵاتێک دان بە هەردوو دەوڵەتەکەدا بنێن.”
هەرچەندە دەوڵەتی فەڵەستین لەلایەن 150 وڵاتی جیهانەوە دانی پێدانراوە، بەڵام بەشێکی زۆری وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و یابان هەتاوەکو ئێستا بەفەرمی نەیانناساندووە.
لەلایەکی دیکەوە هەریەک لە سعودیە، ئێران، عێراق، سوریا، یەمەن و چەند وڵاتێکی دیکە تاوەکو ئێستا دانیان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا نەناوە.
چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکان لەلایەن چەندین دەوڵەتانی جیهانەوە پشتگیری لێدەکرێت و بە چارەسەرێکی ریشەیی دەبینن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی لەمێژینەی هەردوولا.
ماوەی 18 مانگە جەنگی غەزە بەردەوامە و هیچ کام لە وڵاتان نەیانتوانیوە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە رابگرن، هەرچەندە چەند جارێک رێککەوتنی ئاگربەست کراوە. لەماوەی زیاتر لە ساڵ و نیوێکی جەنگی غەزە، زیاتر لە 50 هەزار کەس کوژران و زیاتر لە 111 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.































































