ڕاپۆت-محەمەد هەسنانی
لەمساڵدا بەهۆی كەمی ڕێژەی باران بارین لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تێبینی ئەوە كراوە كە هەر لەئێستاوە بەشێك لە كانیاوەكان و كەمئاویان پێوەدیارە، ئەوەش مەترسی لەسەر هاووڵاتییانی دەڤەرەكە دروستكردووە، بەتایبەت لە وەرزی هاوین ڕووبەڕووی كەمئاوی ببنەوە.
بەپێی ئامارەكانی هۆبەی كەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سۆران، ئەمساڵ بە بەراورد بەساڵی ڕابردوو لە هەمان بەرواردا ڕێژەی بەفرو باران بارین لە شارو شارۆچكەو گوندەكانی ئیدارەی سۆران، نزیكەی سێ بەرامبەر بە ساڵی ڕابردوو كەمی كردووە، هاووڵاتییانی دەڤەرەكە مەترسی ئەوەیان لا دروستبووە ئەمساڵ ڕووبەڕووی گرفتی كەمئاوی ببنەوە، بەڕێوەبەری ئاوی سۆرانیش بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: ” هەرچەندە هێشتا زووە باس لەوە گرفتە بكەین، چونكە كاتی باران بارین ماوە، بەڵام بەرنامەو پلانەكان بەردەوامن ئەگەر گرفتێكی لەم شێوە دروست بێت”.
ئەسعەد قادر هاووڵاتییەكی دانیشتووی شاری سۆران، بۆ زاری كرمانجی ئاماژەی بەوەدا: “بە درێژایی تەمەنم كەمم بینیوومە وەك ئەمساڵ ڕێژەی بارینی بەفرو باران بەمشێوەیە كەم بێت، ئەمەش جێگەی مەترسییە لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا وەرزی بەهار ماوە بە هیواین بارانی پێویست ببیارێت و مەترسی لەسەر گرفتی كەمئاوای نەمێنێت”.
ئەو هاووڵاتییە دەشڵێت: “هیوادارین لە ئێستاوە ئیدارەو بەڕێوەبەرایەتی ئاو و لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەرنامەو پلانی گونجاو دابنێن بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتی كەمئاوی، بەتایبەت بەرەو وەرزی گەرماو هاوین دەڕۆین هاووڵاتییان ئاوی زیاتر بەكار دەهێنن، گرنگە خەڵككە ئەمساڵ ئەوە لەبەرچاو بگرێت، كە ئاوی زیاتر بە فیڕۆ نەدەن و دەستی پێوەبگرن”.
ئەوەش دەخاتەڕوو: ” هەرگیز نكۆڵیش لەوە ناكرێت كە سنووری ئیدارەی سۆران بە بەراورد بە شارو شارۆچكەكانی دیكە باشترین ناوچە بووە، كە لە ڕابردوو تا ئێستا گرفتێكی وا دروست نەبووە لە كەمی ئاوی خواردنەوە، ئەوەش بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەكان بووەو هیوادارین لە داهاتووشدا بەردەوام بن لەسەر ئەو كارو چالاكیانەیان.
لای خۆیەوە ئەندازیار یوسف ڕەشید، بەزاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” هەرچەندە هێشتا زووە باس لە گرفتی كەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە بكەین، چونكە كاتی باران بارین ماوە، بەڵام بەرنامەو پلانەكان بەردەوامن ئەگەر گرفتێكی لەم شێوە دروست بێت بۆ ڕووبەڕووبەنەوەی گرفتی كەمئاوی، هەروەك هەنگاوەكانی حكوومەت ساڵانە بەردەوامی هەیە بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان”.
دەشڵێت: ” جگەلە گەیاندنی ئاوی پێویست بۆ هاووڵاتییان لە ڕێگەی سەرچاوەو تۆڕەكانی ئاو، پلانێكی دیكە دابەشكردنی ئاوە لە ڕێگەی تانكەر بەسەر هاووڵاتییان، كە لە ئێستادا پڕۆژەكە دراوەتە بەڵێندەر، بەتایبەتیش بۆ دانیشتووانی گەڕەك و شارو شارۆچكەو گوندەكانی ئیدارەی سۆران واتە ئەو شوێنانەی كە بیرو سەرچاوە ئاوییەكانیان بەرەو وشكبوونە یان ئاوی پێویستیان پێناگات، لەو رێگەیەوە بۆیان دابین دەكرێت”.
ئاماژەی بەوەشدا: ” كار لەسەر دوو سەرچاوەی دیكەی سەرەكی ئاوی خواردنەوەی سۆران دەكرێت، یەكێك لەوانە دروستكردنی پۆندێكی ئاوە لە ڕووباری كاولۆكان، لە پاڵ ئەو پڕۆژەی لەوێ جێبەجێ دەكرێت، هەوڵدەدرێت ئاوەكەی بەشێوەی فلتەر پاكبكرێتەوەو لە ڕێگەی پڕۆژەی ئاوەوە بگوازرێتەوە بۆ هاووڵاتییان، ئەوەی دیكەی دروستكردنی پۆندێكی كۆكەرەوەی ئاو واتە لە شێوەی بەنداوێكی بچووك لە ڕووباری دێرانە، بەڵام هێشتا لەوێ بە فەرمی دەست بە كارەكانی نەكراوەو تەنها لە پلان و بەرنامەدایە.