زاری كرمانجی – سۆران :
زۆرجار لەلایەن كەسانێكەوە بە ئەنقەست بە وشەی بێ مانا و توانجی برینداركەر، كار لە سەر دەروون و شكاندنی گەنجان دەكەن و یەكێك لە گەنجەكان باس لەوە دەكات چ گوللەیەكی لێ بدەن چ توانجێكی لێ بدەن وەكوو یەك وایە و لە رووی دەروونییەوە ئازاری زۆر دەچێژێ و یەكێكی تر دەڵێ دەبێ گەنجان بە ئەدەبەوە وەڵامی ئەو جۆرە كەسانە بدەنەوە و ناكرێ وەكوو ئەوان بیر بكەنەوەو هەمان زمان بەكاربهێنن.
كامەڕان عەزیز باس لەوە دەكات كە گرنگ نییە چەند سەرسامیت بەو وشانەی پێت وتراوە، هەوڵ بدە وا خۆت نیشان بدەی كە وشەكانی كاریگەری لەسەرت دروست نەكردووە و دەڵێ:” كاتێ كەسی بەرامبەر هەستی كرد تۆ بە قسەكانی ئەو نیگەران بوویت و وشەكانی ئازاری تۆیان داوەو ئیدی بەردەوام دەبێت و پێی خۆش دەبێت كە هەراسانی كردووی و خواستی خۆی جێبەجێ كردووە، باشترە تۆ لەو كاتەدا پشوو درێژ بیت و هیچ كاردانەوەیەكی خراپت نەبێت بە بێ دەنگی تەنیا سەیری بكە، ئەو كات یا بێزار دەبێت و واز دەهێنێت، یا دەرفەتێكی باش بۆ تۆ دەرخسێ كە وەڵامێكی باشی بدەیتەوە و كە چیتر غیرەت نەكات بەرامبەرت كارێكی لەم شێوەیە دووبارە بكاتەوە،”
كامەڕان ئەوەش دەڵێ:” ئەگەر ئەو كەسەی سوكایەتیت پێ دەكات كەسێكی بەتەمەنە و ناتوانیت وەڵامی بدەیتەوە و ئەو شتانەی لەبارەی تۆوە دەیڵێت هەڵەیە، تەنیا چارەسەر ئەوەیە قسەكانی بە زەردەخەنەیەك بپچرێنیت و نیشانی بدەی قسەكانی كاری تێنەكردیت و بەلاتەوە گرنگ نەبوون.”
بێوار محەممەد پێی وایە باشترین وەڵام بۆ ئەو جۆرە كەسانە دووركەوتنەوەیە لێان و سرینەوەیانە لە لیستی برادەران و دەڵێ:” ئەو جۆرە كەسانەی هەمیشە بە وشەكانیان دڵی برادەرانی خۆیان ئازار دەدەن و رۆژانە خەریكی توانج لێدان و شكاندنی ئەوانی ترن، شایستەی ئەوە نین ببنە برادەرت و پێویستە خۆیان لێ بە دوور بگریت، چونكە هیچ سوودێكی نابێت بۆتان جگە لە ناشیرین بوونی خۆتان و ئازار پێگەیشتنتان،” ئەوەش دەڵێ:” ئەو كەسانە ناتوانن واز لەو سیفەتە ناشیرینەی خۆیان بێنن و خوویان پێوە گرتووە و تام و چێژی لێ وەردەگرن.”
رەسول قادر پێچەوانەی ئەوانی تر، پێی وایە دەبێ ئەو جۆرە كەسانە لە یەكەم جار دەمكووت بكرێن و بەهەمان شێوەی خۆی وەڵامی بدرێتەوە و دەڵێت :” ئەگەر لە یەكەم جار بە هەمان شێواز وەڵامی ئەوت نەدایەوە، ئیدی فێر دەبیت و لە هەر شوێنێك تۆ ببینیت دەست بە بەزمی خۆی دەكاتەوە و شەرمەزارت دەكات، بۆیە باشترە وەكو خۆی هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكرێت و دەمكووت بكرێت بۆ ئەوەی جارێكی تر غیرەتی ئەوە نەكات رووبەرووت بوەستێ و ئەو جۆرە قسانە بكات،” رەسول ئەوەش دەڵێ:” ئەو جۆرە كەسانە بێ كەڵك و بێ سوودن و شاینی ئەوە نین رەفاقەت و برادەرایەتیان بكرێت، دەبێ سنوورێكیان بۆ دابنرێت و ئەگەر هەر وازیشیان نەهێنا، دوو بۆكس لە نێو دەمیان بدرێت كە ئەوەیان باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی تا ماوەیەك لە قسەكردن بەوەستن،”
رەسول ئەوەش دەڵێ:” چ گوللەیەكم لێ بدەن، چ توانجێكم لێ بدەن وەكوو یەك وایە لای من و لە رووی دەروونییەوە ئازاری زۆرم دەدات.”
بریار عەبدولرەحمان هەمان بۆچوونی بێواری هەیە و پێی وایە كە ناكرێ ئەو جۆرە كەسانە گەورەییان بكەیت و لێانەوە نزیك بیت و دەڵێ:” ئەوەی رێزت لێ ناگرێت و دڵخۆش دەبێت بە نیگەران بوون و شكاندنت، بێگومان ئەوە هاوڕێت نییە بەڵكوو دوژمنە، ئیدی چ پێویست دەكات بیكەیتە هاوڕێ خۆت و رێزی بگریت، چونكە نزیك بوون لەو كەسانە هەمیشە دەروونت نا ئارام دەكات،”
ئەوەش دەڵێ:” سوكایەتی و گاڵتەكردن بە خەڵك، شێواز و ڕەفتارێكی خراپەو ئەو كارەش تەنیا لە كەسانی خراپ چاوەڕێ دەكرێ، بۆیە كەسێكی زیرەك بە و ڕێگە مەدە كەس سەرزنشتت بكات، وەیان سووكایەتیت پێ بكات، لە جێی هەر پرسیارێكی بێزاركەر و توانجێكی بێ بنەما، وەڵامت هەبێ و ئەو كەسانەش بخرە نێو لیستی رەش و دووركەوتنەوە لێان باشترین چارەسەرە.”