مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئوردن دەست بردن بۆ سێكوچكە هەستیارەكەی وڵاتەكەی بە هێڵی سوور ناو دەبات و هۆشداریش بەو لایەنە ناڕازییانە دەدات كە ماوەیەكە لە ڕێگەی كۆڕ و كۆبوونەوەی جەماوەرییەوە نیگەرانی خۆیان لە بارودۆخی وڵاتەكە دەردەبڕن و داوای گۆڕانكاری ڕیشەیی دەكەن.
فەیسەڵ فایز سەرۆكی ئەنجوومەنی ماقووڵانی ئوردن، كە بەشێكی گرنگ و سەرەكییە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، پەیامێكی توندی بۆ ئەو لایەنە ناڕازییانە نارد كە خەریكی جووڵاندنی شەقامن و ڕایگەیاند “هەر كەسێك قسە لەسەر سێكوچكە هەستیارەكەی دەوڵەت بكات كە بریتین لە نیشتمان، سەركردایەتی حكومەت و دامەزراوە ئەمنییەكان زمانی دەبڕین.”
دەشڵێت “هەر كەس و لایەنێك بچووكترین هەڵەمان لەبەرامبەردا بكات بە هیچ شێوەیەك لێی خۆش نابین.”
سەرۆكی ئەنجوومەنی ماقووڵانی ئوردن، زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەكەی بە لایەنگر و هاوسۆزی ئیخوان موسلمین و مەترسییەكی گەورە بۆ داهاتووی وڵاتەكە ناو دەبات و دەڵێ “پێویستە چیتر لێیان بێ دەنگ نەبین كە لە نێو هۆڵی پەرلەمان و بە لێدوانەكانیان خەڵك هاندەدەن.”































































