ئا/ گولستان بەهجەت :
هەورین دارا محەمەد، رۆژی 17-3-1997 لە قەزای ڕواندز هاتۆتە دونیاوە و هەر لەم شارە گەورە بووە، هەر لە منداڵییەوە خوڵیای كاری هونەری و میوزیكی بووە و تا ئێستا بەردەوامە، ئەو جگە لەوەی ژەنیاری ئامێری كەمانجە، خاوەن دەنگێكی تایبەتە بۆ گۆرانی گوتن، ئەو بەشی میوزیكی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی رواندز تەواو كردووە، ئێستاش قوتابی كۆلێژی هونەرە جوانەكانە لە بەشی میوزیكی زانكۆی سەڵاحەدین.
زۆرجار یەك پارچە میوزیك دەتوانێت دەرخەری زۆر بابەتی هەستیار بێت و كۆمەڵێك پەیامی لە پشتە ئایا ئافرەتی كورد توانیویەتی لە میوزیك بگاتە ئەو ئاستەی گەیاندنی پەیام، هەورین لەمبارەوە دەڵێت” هەر چەندە ئافرەتی كوردی میوزیك ژەن زۆر بەكەمی بەدیار دەكەون، بەڵام هەندێك جار یەك ئافرەت دەتوانێت كاریگەری باشی مێژوویی زۆری هەبێت و سەركەوتووانە خزمەت بكات، بۆ نموونە هونەرمەندان لەیلا فەریقی و كیژان ئیبراهیم، زۆر بە جوانی و سەركەوتووانە ئەتوانن ئەو پەیامە بگەیەنن، ئێستا زۆر هونەرمەند پەیدا بوونە كە زۆر دەردەكەون و جێگای خۆیان دەكەنەوە، بەڵام نەیانتوانیوە ئەو پەیامە پیرۆزەی هونەر بگەینن”.
ئەو خانمە هونەرمەندە لە بەردەوامی قسەكانیدا لە بارەی كاریگەری میوزیك و گۆرانی بەسەر مرۆڤەوە دەڵێت ” كاتێك مرۆڤ خەم یا كێشەیەكی هەبێت و گوێ لە گۆرانییەك دەگرێت هەموو ئەو خەم و كێشانە لە بیر دەباتەوە، گۆرانی بەشێكە لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ و ناتوانی ڕۆژێك بەڕێ بكات بەبێ گوێ نەدانی لە گۆرانی یا میوزیك”.
رێژەی ئافرەتی میوزیك ژەن لە كوردستان كەمن، ئەو لە بارەی هۆكارەكانی دەڵێت ” ئەم بابەتە هۆكاری زۆرن، بەڵام هۆكارە سەرەكییەكەی دەگەڕێنمەوە بۆ ئاستی هۆشیاری كۆمەڵگە بەگشتی، بەتایبەت كاتێك كچێك گۆرانی دەڵێت یا میوزیك ئەژەنێت لە كۆمەڵگەی ئێمە بە چاوێكی عەیبە سەیر دەكرێت، بەداخەوە ئەو دیاردەییە زۆر بەدی دەكرێت لە هونەری كوردی خۆمان”.
بۆ زیاتر بەرەو پێش بردنی بواری میوزیك و گۆرانی هەورین پێشنیار دەكات ” وەك و وڵاتانی دراوسێ گرینگی پێ بدرێت، جێگایەكی تایبەت بە هونەر بكرێتەوە و چەند كەسانێكی شارەزا لەو بوارە بەڕێوەی ببەن، بە داخەوە هونەری میوزیك زۆر دواكەوتووە”.
” میوزیك لەگەڵ خوێن و روحم تێكەڵ بووە”
هەورین نایشارێتەوە كە سەرسامە بە چەند هونەرمەندی دیاری كورد و دەڵێت” ئەو میوزیك ژەنانەی هەمیشە سەر سامم بە دەست و پەنچەكانیان (م.چەتۆ نەورۆز ، ئامانج غازی ، م.جمال ئامێدی)ین”.
دەڵێن میوزیك ئارامكەرەوەی رۆحە، ئەم هونەرمەندەش دەڵیت ” میوزیك و گۆرانی لەگەڵ خوێنم تێكەڵ بوونە، بەشێكی سەرەكی و تەواوكەری نیوەی ژیانمە، چونكە لە منداڵییەوە خەونم ئەوە بووە ببم بە گۆرانی بێژ و میوزیك ژەن، بۆیە دەڵێم میوزیك خوێنی ناو دەمارەكانمە”.
هەورین لە پەنای كاری میوزیك ژەنی دەنگێكی خۆشی هەیە و لە چەندین بۆنە دەركەوتووە، ئێستا بێ دەنگە و پلانیشی بۆ داهاتوو نەخستۆتەڕوو، ئەو لەم بەسەر كردنەوە پلانی داهاتووی و هۆكاری بێ دەنگیشی ئاشكرا كرد و گووتی“ بێ دەنگیم لەبەر ئەوە بوو ئەمساڵ كۆتا قۆناغی خوێندنم بوو، خەریكی خوێندن بووم، بۆ داهاتوو كاری جوانم دەبێت، لەگەڵ هونەرمەندێكی دیاری كوردستان خەریكی دارشتنی بەرنامەیەكین بۆ ئەنجامدانی چەندین كۆنسێرت لەگەڵ پۆلێك لە هونەرمەندانی دیاری كوردستان، چونكە ویستوومە خوێندنەكەم تەواو بكەم ئینجا بە یەكجاری نوقمی هونەری گۆرانی گووتن بم تا كۆتایی ژیانم”.
لە كۆتایی قسەكانیشدا هەورین دارا محەممەد گووتی ” دەمەوێت سوپاسێكی تایبەتی خانەوادەی خۆشەویستم و مامۆستا چەتۆ نەورۆز و د. ئامانج غازی بكەم، ئەوان هەمیشە هاوكار و پاڵپشتم بووینە بۆ ئەوەی بەردەوام بم و گوێ بە قسەی هیچ كەس نەدەم” .