زاری کرمانجی :
جارێکی تر یاسای بیمەی کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی عێراق گەنگەشەی لەسەر دەکرێت و لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی عێراق ڕای دەگەیێنێت بۆ پەسەندکردنی یاساکە تەنیا خوێندنەوەی دووەمی ماوە.
جاسم عەتوان موسەوی ئەندامی لیژنەی ناوبراو لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە:” بۆ پەسەندکردنی یاساکە تەنیا خوێندنەوەی دووەمی ماوە و پاشان دەنگی لەسەر دەدرێت، بەو پێیەی پێشتر گفتوگۆی لە سەرکراوە و خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە لەلایەن لیژنەکەوە.”
هەر وەکوو ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ دەکات گرنگترین ئەو لایەنانەی کە یاسای نوێی بیمەی کۆمەڵایەتی دابینی دەکات، زامنکردنی ژیانە و دەڵێ:” بەو پێیەی یاساکە لەسەدا 90ی توێژەکانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە، لەڕێی مسۆگەرکردنی توێژی کارگەر لە ژنان و پیاوان کە لێوەی دەتوانن مافی خانەنشینی دەستەبەر بکەن لە کەرتی تایبەت و تەندروستی و سەلامەتی و ئایندەی ژیانیان دابین بکەن و زەمینەسازی بکەن بۆ فەراهەمکردنی خزمەتگوزارییەکان کە یاریدەدەر دەبێت بۆیان لەڕووی کۆمەڵایەتی و پیشەیەوە بۆ ئاستێکی باشتر پەرە بستێنن.”
جاسم عەتوان ئەندامی لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەش دەڵێت :” گرنگترین ئەو لایەنانەی یاسای نوێی بیمەی کۆمەڵایەتی دابینی دەکات، زامنکردنی ژیانە لە ساتی برینداربوون لە کاتی کار و خانەنشینی و بیمەی تەندروستی و بیمەی دایکایەتی و بڕینی مووچە بۆ بێکاران و بوونی بڕگەی زامنکردنی ئارەزوومەندایە، بۆ هەموو ئەو خاوەن کارانەی کاری تایبەت بە خۆیان هەیە و دەتوانن پرۆژەکەیان لە فەرمانگەی بیمەی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمار بکەن.”