زاری كرمانجی-سۆران
بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجی زانیاری لەبارەی ئەو كەسانە دەخاتەڕوو كە لە وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە سوودمەند بوونە، دەشڵێت: ” دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی چەند ساڵێكە پێدانی ئەو پێشینەیە بە هاووڵاتییان ڕاگیرەوەو تا ئێستا دەستی پێنەكردووەتەوە.
لە بەردەوامی قسەكانیدا: “فەرهاد جەلال بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی سۆران، گووتیشی: “بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیمان نزیكەی 12 هەزار كەس لە سەنتەری شارو شارۆچكەو گوندەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە سوودمەند بوونە، پێشینەكەش بریتی بووە لە (20 تا 25) ملیۆن دینار، هەروەها 500 كەس تەنها نیوەی پێشینەكەیان وەرگرتووە، بەهۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی، پێشینەكە ڕاگیراو نەتوانرا ئەو پێشینەیە بەتەواوی وەربگرن، هەروەها ژمارەیەكی زۆری دیكە مامەڵەكانیان لەبەر دەست بوو، ئەوانیش لە وەرگرتنی پێشینەكە سوودمەند نەبوون و لە چاوەڕوانیدان و تائێستا پێشینەكە دەستی پێنەكردووەتەوە”.
فەرهاد جەلال بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی سۆران، دەشڵێت: ” پێدانی پێشینەی خانووبەرە هۆكارێكی باش بوو بۆ گرفتی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان و دروستكردنی خانووبەرە، هەروەها ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان، هەروەك پلان و بەرنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خزمەتكردن بە هاووڵاتییان لە سێكتەرە جیاوازەكاندا لە پێشینەی كارەكاندایە، هیوادارین قەیرانی داریش چارەسەربێت و دەست بە پێشینەكان بكرێتەوە، كە چەندین ساڵە هاووڵاتییان لە چاوەڕوانیدان”.
دەربارەی لێخۆشبوونی سزای دواكەوتنی قەرزی خانووبەرە، بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت: “هەر ڕێنمایەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەدەستمان بگات، دەست دەكەین بە جێبەجێكردنی، هەروەها بۆ ئەو جۆرە لێخۆشبوونانەی بەشێك لە سزای دواكەوتنی قەرزی خانووبەرە یان پێشینە بەو مەرجەی سودمەند بووەكە تەواوی پارەكەی كە وەریگرتووە بیگەڕێنێتەوە، پەیوەستە بە وەزارەتی داراییە، وەك پێشووتر باسم لێوە كرد هەر ڕێنماییەك بەدەستمان بگات كار لەسەر جێبەجێ كردنی دەكەین”.
بەڕێوەبەری خانووبەری سۆران، ئاماژەی بەوەشدا: ” دووجۆرە پێشینەی خانووبەری بەهاووڵاتییان دراوە، لەوانە بەشێكیان بە فەرمانبەر یان مووچە خۆری دام و دەزگاكان پێشینەكەیان وەرگرتووەو لەسەرتاوە لە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانیان، لێبڕین لە بەشێكی دیاریكراوی مووچەكانیان دەكراو دەگەڕێندرایەوە، بەڵام لە ساڵی 2016 بە بڕیاری حكوومەت لێبڕینەكە ڕاكیرا، واتە لەو كاتەوە پێشینەكە لە فەرمانبەران وەرناگیرێتەوەو جارێ ڕاگیراوە بەبێ ئەوەی هیچ سزایەك یان سووێك بێتە سەر پێشینەكەیان، بەڵام ئەوانەی وەك هاووڵاتی پێشینەی خانووبەرەیان وەرگرتووە، دەبێت ساڵانە بەپێی ئەو ڕێكەوتەی بۆیان دیاریكراوە دەبێت پێشینەكەیان بگەڕێنەوە”.
لەدوا قسەكانیدا فەرهاد جەلال بەڕێوەبەری خانووبەری سۆران، ئەوەی خستەڕوو: “پێویستە ئەو كەسانەی پێشنەی خانووبەرەیان وەرگرتووە، بیگەڕێنەوە بۆ ئەوەی دووچاری ئەو سزایانە نەبنەوە كە ساڵانە سووی زیاتر بێتە سەر پێشینەكانیان، هەروەك بەردەوام كەسانێك ئەو پێشینەیە دەگەڕێنەوەو پێی پابەندن، بەمەش هەم قەرزەكەیان لەسەر لادەچێت و هەم گرفتیان بۆ دروست نابێت لەكاتی ئەنجامدانی مامەڵەكانیان.