زاری كرمانجی-سۆران
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی هەولێر، ئەمساڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پێنج هاووڵاتی بەر مین كەوتوون لەوانە 3 كەس گیانیان لەدەستداوەو دوو كەسیش زامداربوونە.
عەلی عەبدوڵڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مینی هەولێر، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: “بەداخەوە لەمساڵدا واتە تا 6-5-2025 لە سنووری پارێزگای هەولێر، پێنج كەس بوونەتە قوربانی مین لەوانە 3 كەس گیانیان لەدەستداوەو 2 كەسیش زامدار بوونە، سەرجەم قوربانییەكانیش خەڵكی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بوونە”.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی هەولێر، گووتیشی: ” ئەوەلەكاتێكدایە بەشێوەیەكی بەردەوام ڕێنمایی بە هاووڵاتییان دەدرێت، كە ڕوونەكەنە ئەو شوێنانەی پێشوتر كۆنە سەربازگەی ڕژێم بوونە یان مەترسی مین و تەقەمەنیان هەیە، بەڵام بەداخەوە بەتایبەت لە وەرزی بەهار و هاوین كەسانێك بە مەبەستی كۆكردنەوەی گژو گیایی بەهاری و گەشت و سەیران ڕوو لە ناوچە شاخاوییەكان دەكەن، لە ئەنجامدا ڕووداوی دڵتەزێنی لێدەكەوێتەوە”.
عەلی عەبدوڵڕەحمان ئاماژەی بەوەشدا: “ئەو ناوچە شاخاویانەی مەترسی مینیان هەیە، لە زۆر شوێن هێمای هۆشیاركردنەوە دانراوە، یان هاووڵاتییان خۆیان درك بەوەدەكەن كە ناوچەی مەترسیدارن، بۆیە پێویستە خۆیان لەم ناوچانە بەدوور بگرن لە پێناو پاراستنی گیانیان.































































