مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە سەر لینكێكی ئەلیكترۆنی هۆشداری بە بەكارهێنەرانی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك دەدات و ڕایدەگەیەنێت “ئەم لینكە ساختەكارییە و ئامانجی كۆكردنەوەی داتای هاووڵاتییانە بە نایاسایی.”
بنكەی ئاسایشی ئەلیكترۆنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێكدا كە ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی نیسان بڵاوكراوەتەوە، هۆشداری بە بەشداربووانی فەیسبووك دەدات كە ئەو لینكە ئەلیكترۆنییەی بۆ چالاككردنی خزمەتگوزاری ئەلیكترۆنی بانكە عێراقییەكان لە پرۆگرامی ‘واتسئەپ’ بۆ پەیوەندیی بە كڕیاران، ساختەیە و دەڵێ “بە هیچ شێوەیەك پەیوەندییان پێوە مەكەن، چونكە ئامانجی كۆكردنەوەی داتای هاووڵاتییانە بە نایاسایی،”
دەشڵێت “لاپەڕەكە بە ناوی “خزمەتگوزاری كڕیارانی CBI ” ە و جەخت لەوەش دەكاتەوە كە پێویستە هاووڵاتییان زانیارییە بانكییە كەسییەكان یان ئۆنلاینەكان بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ هیچ لایەنێكی نەناسراودا بەش نەكەن.
































































