هیڤی عمر یاسین
خوێندنەوە ئەو پڕۆسەی كە مرۆڤ لە بوونەوەرانی تر جیادەكاتەوە، واتە مرۆڤ دەتوانێت خوێندنەوە بۆ بارودۆخەكان بكات و بچێتە ئەو دیوی شاراوەی ڕووداوەكان.
هەركاتێك گوێبیستی خوێندنەوە دەبین بیرمان بۆ خوێندنەوەی كتێب دەچێت، كەواتە یەكێك لە چەمكەكان لە بواری خوێندنەوەدا ڕووبەروومان دەبێتەوە ( كتێبە) كە مێژوویەكەی بۆ ٧٠٠٠ پ.ز دەگەڕێتەوە لە وڵاتی میزۆبۆتامیا و میسیرییە كۆنەكان، كە لە پێش گەلانی ترەوەن كە جۆرەكەی پاپیرۆسە چ جۆری هیراتیكی بێت كە بۆ كۆنترین چاخەكان دەگەڕێتەوە.
بەڵام بە درێژای مێژوو شێواز و بەرگی كتێبەكانیش گوڕانكارییان بەسەر هاتووە، دەتوانین بڵێین كەوا كتێب ئامرازێكە نووسەر قسەكانی خۆی تێدا دەكات و پەیام و ئەزموون و كێشە و گرفتەكان دەگەینێت لە ڕێی كرداری نووسینەوە كە دواتر دەبێتە سەرچاوە بۆ توێژینەوەكان لە بوارە جۆربەجۆرەكاندا.

لەم هێلكارییە، مرۆڤ بوونەوەرێكە قسە دەكات، كەواتە دەتوانێت قسەكانی بنووسێت، لێرەدا نووسەر قسەكەرە، بۆ ئەو مەبەستە پێویستی بە ئامرازە ئامرازەكەش زمانە، كە قسەكەر زمانی گوتراو بەكاردێنێت، نووسەریش زمانی نووسراو كە پێویستە بە كەرەستەی جۆراوجۆرە، چ كەرەستەی چاب بێت یان پێنووس و كاغەز ….هتد، لە كاتی قسەكردندا پێویستمان بە گوێگرە، لەكاتی نووسینیشدا پێویستمان بە خوێنەرە كەواتە لێرەدا خوێنەر ڕۆڵی گوێگر دەگێرێت و نوێنەرایەتی گوێگرتن دەكات لەكاتی خوێندنەوەدا، بەڵام كە نووسینەكان دەبنە قسە ڕۆڵی گوێگر دەگێرێت، بۆیە لەكاتی خوێندنەوەدا چاوەكانمان بەكاردێنین پشت بە ئەندامی بینین دەبەستین و لە كاتی گوێگرتندا پشت بە ئەندامی بیستن دەبەستین. كەواتە خوێندنەوە بریتییە لە خوێندنەوەی كۆدە زمانییەكان.
خوێندنەوە پێویستییەكی ژیانە، ئەزموونكردنی ژیانە، ئەزموونكردنی ڕووداوە ئەزمووننەكراوەكانە، ئەزموونكردنی ئێستا و داهاتوو و رابردووە. ئایینی پیرۆزی ئیسلام پشتگیری خوێندن و زانست دەكات و هیچ كاتێكی دیاریكراوی بۆ دانەناوە خوای گەورە لە یەكەم سوڕەتی قورئانی پیرۆز دەفەرموێت ( اقرأ باسم ربك الذي خلق) ﴿١﴾ بخوێنە بەناوی ئەو خوایەی كە هەموو شتێكی دروستكردووە . لێرە خوا فەرمان بەسەر پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت دەكات كەوا بخوێنێت، كە ئەمەش كاری داخوازییە لەڕۆی زمانەوانییەوە، كاری داخوازی یاخود فەرمان هەر كات و ساتێك ئەم سورەتە بخوێنیت ئەوا بۆكاتی ئێستایە نە ڕابردووە و نە داهاتووە، لە ئایەتی دووەمدا خوا دەفەرمووێت ( خلق الإنسان من علق ). ﴿٢﴾ ئادەمیزدامان لەچەند خانەیەكی هەڵواسراو لە منداڵدانمان درووستكردووە، لێرەدا گرینگی زانستی بایلۆژی لە قورئاندا بەدیار دەكەوێت، لەساڵی ١٦٦٥ لەلایەن روبێرت هوكە خانەی لەشی مرۆڤ دۆزرایەوە، بەڵام قورئان چەند هەزار بەرلەئێستا باسی خانە و منداڵادان دەكات، كەواتە قورئان پشتگیری زانست دەكات، لە ئایەتی سێیەم دا خوای پاك و بێگەرد دەفەرمووێت ( اقْرَأْ وَرَبُّكَ الأَكْرَمُ) ﴿٣﴾ بخوێنە هەر پەروەدگاری تۆ بەخشندەیە، لەم ئایەتەدا خوای گەورە دووباتی خوێندن دەكاتەوە، بەهەمانشێوە لە سوڕەتی قەلەمدا دەفەرمووێت :(نٓ ۚ وَٱلْقَلَمِ وَمَا يَسْطُرُونَ) ﴿١﴾ سوێند بەو پێنووسەی كە دەینووسن ، ئەم سوێند خواردنەی بە پێنووس نیشانەی گرینگی زانست و زانینە لەلای خوای گەورە.































































