مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە كچێكی تەمەن 12 ساڵان لە لایەن باوكییەوە بە چەكی “بڕنەو” كوژرا.
لە ڕاپۆرتەكەی هەنگاو هاتووە “ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 3ی نیسان، ئایلار زاهیر پوور، منداڵی تەمەن 12 ساڵەی دانیشتووی شاری شابادی كرماشانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە لایەن باوكییەوە بە چەكی گەرم كوژرا.”
بە گوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ڕووداوەكە، دایك و باوكی ئایلار جیابوونەتەوە و مافی سەرپەرشتی ئایلار بە باوكی دراوە، هۆكاری كوشتنەكەشی تەنیا لەبەر ئەوە بووە كە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ دایكی كردووە .
بكوژ دوای كوشتنی كچەكەی بە هەمان چەك هەوڵی خۆكوشتنی خۆشی داوە و بە برینداری گەیندراوەتە نەخۆشخانە و تەندروستی نا جێگرە .

































































