ئامادەکردنی: مالیک عبدالواحید عبداللە
قوتابی قۆناغی سێی ئاداب کوردی/زانکۆی سۆران
بەسەرپەرشتی: مامۆستا چاوەڕێ نیعمەت
ژیاننامەی خانی:
شاعێر و نوسەر و رووناکبیری کوردە، خانی ناوی ئەحمەدە و کوڕی ئەلیاسی کوڕی ڕۆستەمە، ساڵی١٦٥٠ز لە شاری بایەزید لەدایکبووە، نازناوی خانی لە هۆزەکەی(خانیان) وەرگرتووە، کە لە ناوچەی بۆتان نیشتەجێبوون.
مەڵبەندی ڕۆشنبیری ئەو سەردەم حوجرەی مزگەوت بووە، خانی لە حوجرەی مزگەوتی مورادییە دەستی بەخوێندن کردووە، گەلێک بەرهەمی ئەدەبی گرنگی نوسیوە، وەک (فەرهەنگی نەوبەهارا بچووکا، دیوانی خانی، عەقیدا ئیمانێ، مەم و زین) لە ساڵی ١٧٠٧ لە شاری بایەزید کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێش دەنێژرێت.
هونەری هونینەوەی مەم و زین:
مەم و زین یان مەمی ئاڵان چیرۆکێکی کۆنی میللی کوردییە، پێش سەردەمی خانی لەناوچەی بۆتان ڕویداوە، بەشێوەی حەیران و گۆرانی و بەند و زارەکی گێڕاویانەتەوە و پاراستوویانە، خانی بەهونەرێکی بەرزی شعری ئەم چیرۆکە دەهونێتەوە، چیرۆکە شعر لەناو کوردان خۆشەویست بووە، بە ڕوخسار زمان و ئاواز و مۆسیقایەکی وای تێدایە سەرنجڕادەکێشێ بۆ مانا، لەناو چیرۆکە شعردا ناوەڕۆکی دڵداری بەسەر هەموو ئەوانی تردا (ئەفسانەیی،سوارچاکی،کۆمەلایەتی هتد…)زاڵە، چیرۆکە شعری مەم و زینی خانی شاکارێکی نەمری ئەدەبی کوردی و نەتەوەیی و ڕۆژهەڵاتی و جیهانییە.
لەڕووی کێشەوە هەموو دێڕەکانی لەسەر کێشی هەزەجی شەشی ئەخرەبی مەقبووزی مەحزوفە(مفعول مفاعلن فعولن). مەم و زین لەسەر بنچینەی مەسنەوی دانراوە، ئەم جۆرە هونەرە شعرییە چیرۆکە شعر و داستان و مەلحەمە و مەسنەویشی پێ دەگۆترێت.
پوختەی مەم و زینی خانی:
لە ناوچەی بۆتان میرێک هەبووە بەناوی میر زینەدین، پیاوێکی مەرد و ئازا و میهرەبان و دڵکراوە بووە لەگەڵ گەڵەکەی، دەسەلاتی لە باوانەوە بۆ بەجێمابووە، خاوەن کۆشک و تەلار و باغات بووە، دوو خوشکی جوان و شۆخ و شەنگی هەبووە بەناوی ستێ و زین، ئەم دوو خوشکەی لەجوانیا وەسف نەدەکران بۆیە زۆربەی کاتەکانان لە کۆشک دەمانەوە، یان ئەگەر بیانویستبا بچنە دەرەوە جڵ و بەرگی ئاسایی وەک خەڵکیان دەپۆشی یان جڵی پیاوانەیان لەبەر دەکرد.
میر پیاوانێکی زۆر زانا و دانا و جێی متمانە لەدەوربووە، بەڵام دوو لەوانە لای میر زۆر خۆشەویست و جێی متمانەبوون، ئەوانیش تاژدین و مەم بوون، تاژیدن سەرۆکی پاسەوانەکانی میربووە دوو برای هەبووە بەناوی عارف و چەکۆ وە باوکی تاژین وەزیری میر بووە، مەمیش پاسەوان بووە و باوکیشی نوسەری میر زینەدین بووە، مەم و تاژدین وەکو دوو برابوونە یەکتریان زۆر خۆشویستووە، هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەری یەکتربوونە،تاژدین مەمی لەبراکانی زیاتر خۆشویستووە.
نەورۆزە و بەهارە، دونیا سەوزی داپۆشیوە و کاتی سەیران و شادی و خۆشییە، خەڵکی هەمووی ڕووی لە دەشت و دەرە و شاهی دەگێڕن، مەم و تاژدین جڵی ژنانە دەپۆشن تا نەناسرێن و قسەیان لەسەر نەکرێت ئینجا دەچنە سەیران و نەورۆزێ، چاویان بە دوو کوڕی کەشخە و ڕێک و پێک و جوامێر و ئازا دەکەوێت، مەراق دەکەن بزانن ئەم دوو پیاوە کێن بەدوایان دەکەون تا لەشوێنێک چاویان بەیەکتری دەکەوێت، مەم و تاژدین بۆیان ڕوون دەبێتەوە کە ئەوانە کوڕنین و کچن جڵی پیاوانەیان پۆشیوە، وە ستێ و زینێی خوشکی میرن، لەبەر شۆخ و شەنگی و جوانی ئەوانەوە لە هۆش خۆیان دەچن، زین و ستێش ئەنگۆستیلەی خۆیان لەگەڵ ئەوان دەگۆڕنەوە، کە مەم و تاژدین بەهۆش خۆیان دێنەوە کەس لەوێ نەماوە خەم و خەفەت دایان دەگرێ بەرەو ماڵەوە دەگەڕێنەوە و نەخۆش دەکەون.
بەڵام ستی و زینیش لەم دەردە بێ بەش نەبوون، سەرگەردان و بێ ئارام و لێشێواو بوون، چیرۆکەکەیان بۆ دایەنەکەیان گێڕایەوە و پێیان گۆت بڕۆ بزانە ئەم ئەنگۆستیلانە هی کێن؟
دایەنی ستی و زینێ دەچێتە لای فالگرەوەیەک و پێی زانی کە ئەم دوو کەسەی ئەم کچانە کەوتوونەتە داوی خۆشەویستیانەوە مەم و تاژدینن، وە ئەمەی بە کچەکان گۆت، ستێ و زین هەواڵیان بۆ مەم و تاژدین نارد کە زین مەمی دەوێ و ستیش تاژدین، بۆیە بەزووترین کات بهێن و داخوازییان بکەن.
مەم و تاژدین پیاوانی ماقووڵ و ڕیش سپیان ناردن بۆ داخوازی زین و ستی، میر بەم داخوازی ئەم دوو کەڵە پیاوە ڕازی بوو، بەڵام هەردووکی پێکەوە نابێت زەماوەند بکەن، یەکەمجار دەبێت زەماوەندی ستی و تاژدین بێت،چونکە ستی گەورەتربوو لە زین،ستی و تاژدین بە شاهی و گۆڤەند و پڕخۆشی زەماوەندیان کرد و بە ئومێدی دڵی خۆیان شادبوون.
میر زینەدین دەرگەوانێکی هەبوو بەناوی بەکری مەرگەوەڕ، پیاوێکی دووزمان و درۆزن و فێلباز و ڕق لەسینە و نەسازبووە، بەکو لەلای میر دەستی بە بوختان و فەسادی و ئاژاوەگێڕی دەکرد لەسەر مەم و تاژدین، بەمیری دەگۆت حەیفە کەسانی وەک مەم و تاژدین زاوای تۆبن، پیلانی دەگێڕا تا وا میر تێبگەیەنێت تاژدین و مەم دەیانەوێت تەخت و دەسەلاتی لێ زەوت بکەن، میر توڕە دەبێت و سوێند دەخوات کە هەرکەسێ داخوازی زینێ بکات بەرەنگاری ببێتەوە.
ڕۆژان دێن و دەڕۆن زین و مەم لەتاو دەردی دووری و ئەشقی یەکتری دەسوتێن و دەنالێنن، زین دەردە دڵی خۆی بۆ مۆم و پەروانە و خوشکی هەڵدەڕێژێ و مەمیش بۆ ڕوباری دیجلە و شنەی با، ڕۆژێک میر زینەدین بۆ ڕاوکردن لەگەڵ پیاوەکانی دەردەچێت، مەم و زینیش ئەمە بە دەرفەت دەزانن و لە باغی میر ژووان دەبەستن.
لە خەنی و دڵخۆشی بینینەوەی یەکتری مەم و زین ئاگایان لەکات نەمابوو، میر و پیاوەکانی دەگەڕێنەوە بەسەریان دادێن، بەڵام پێش ئەوەی میر بیان بینێت تاژدین چاوی بە مەم دەکەوێت و هەست دەکات شتێک هەیە، بە ئیشارەتی چاو لێی دەپرسێت چیتە؟ مەمیش تێیدەگەیەنێت کە زینی لایە، بۆیە تاژدین بە براکانی دەلێ خانووەکەم بسوتێنن ئاگرێک بکەنەوە تا میر لە باغەکە دووربخەنەوە، بەهۆی ئاگرەکەی ماڵی تاژدین میر و پیاوەکانی لە باغەکە دوورکەوتنەوە و مەم و زین ڕزگاریانبوو.
دڵداری زین و مەم هەر بلێسە دەکا و دەگەشێتەوە، بەکوش لەلای میر فاسادی دەکا و بەمیر دەلێ مەم و زین پەیوەندیان هەیە و لەناو خەڵک ئابڕووت دەبەن، لە شکۆت دادەبەزێنن، میر هیچ حسابێک بۆ قسەکانی بەکو ناکات، بەکوش داوای لێ دەکات کە مەم دەعوەت بکات وشەتڕەنجی لەگەڵ بکات ئەگەر لێی بردەوە پرسیاری ئەوەی لێ بکات کێی خۆشدەوێ؟ ئەڤیندارەکەی کێیە؟
بۆیە میر مەم دەعوەت دەکات و شەتڕەنجی لەگەڵ دەکات، مەم زۆرجار لێی دەباتەوە، تا وەکو بە پیلان و مەبەست جێگایان دەگۆڕت، لەم جێ گۆڕینە مەم چاوی بە زین دەکەوێت کە لە پەنجەرەکەوە سەیری دەکات، مەم هۆشی نامێنێت و دەدۆڕێنێت، میریش پرسیارەکەی لێ دەکات، کە کێت خۆشدەوێ ئەڤیندارت کێیە؟ مەمیش ڕاستگۆیانە دەلێ ئاشقی زینێم خوشکە بچووکەکەت، میر توڕە دەبێت و هەوڵی کوشتنی دەدات بەڵام لەو کاتەدا تاژدین و براکانی دێنەژوورەوە و ڕێگری لەمیر دەکەن ئەمکارە بکات،پێی دەلێن یان دەبێت ئێمەش بکوژی یان واز لە مەم بهێنیت، میر پەشیمان دەبێتەوە لەکوشتنی مەم و فەرمانی دەستگیرکردنی دەکات.
هاوار و دڵتەنگی و گریان و شین و ئازاری مەم و زین بۆ یەکتری درێژەی کێشا، مەم لە زیندان لەنێو خەم دەسوتێ و زینینش لەکۆشک لەحەسرەت جارێکی تر بینینەوەی مەم دەنالێنێت. تاژدین و برایانی بیر لە چارە ڕێگایەک دەکەنەوە بۆ ئازادکردنی مەم،یەکێک دەنێرنە لای میر پێی دەلێن تاژدین توڕە و غەمبارە بۆ مەم و زین، داوای ئازادکردنی مەم یا بینینی دەکەن، میر لە وەڵامی تاژدیندا دەلێت تاژدین برای منە ئەو هەرچی بیەوێ من ڕازیم.
بەکو کە میر دەبینێ کز و داماوە، پێی دەلێت گەورەم خەم مەخۆ هۆکاری ئەم خەمانە مەم و زینن بۆیە هەوڵبدە ئەوانە بەیەکتری نەگەن، بەکو بەمیر دەلێت تۆ بڕۆ داوا لە زین بکە بچێت مەم ببینێ، مەم چڵ ڕۆژە هیچ شتێکی نەخواردووەو بەرگەی بینینی زینێ ناگرێت و دەمرێت، میر دەچێتە لای زین و دەردە دڵی دەکا و داوای لێ دەکا بچێ بۆ لای مەم و پەشیمان بووتەوە لەو ئازاردانەی مەم ئیتر ڕێگری لێیان ناکات، زینێ لە وڵامی میرا سوپاسگۆزار و بەکەیفە، خۆی دەڕازێنێنتەوە و هەرچی جوانییە لەخۆیدا دەنەخشێنێ، دەچێت بۆ زیندان تا مەم ببینێ، کە مەم دەبینێ نیوە ڕۆح و گیانە، مەم لەتاو ئەشقی زینێ مەندەهۆش و دۆشداماوە، زینێ مەم لە باوەش دەگرێ و دەیلاوێنێتەوە، بەڵام کار لەکار ترازاوە و مەم بەهۆی ئەم هەموو ئێش و ئازار و خەم و خەفەتانە گیان دەسپێرێت، خەڵکی هەمووی دڵتەنگ و خەفەتبارن دەچن بۆ ناشتنی مەم، لەکاتی ناشتنی مەم تاژدین بەکو دەکوژێت، زینیش لەحەسرەت مردنی مەم ئاهـ و گری و ئازار دەکێشێت تا ئەویش گیانی بەمردن دەسپێرێت.
سەرچاوەکان:
١/ مەم و زینی خانی، ڕێکخستنی زریان سەرچناری ٢٠٢٠
٢/ مێژووی ئەدەبی کوردی،مارف خەزنەدار،بەرگی دووەم،لاپەڕە٣٠٧تا٣٧٥