زاری كرمانجی-سۆران
نرخی نەوت بەڕێژەی ٦% دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لەبارەی کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت دێت، دوای ئەو باجانەی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە سەپێندرا.
نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساسی ئەمریکا بە ڕێژەی ٧.٨% دابەزی و گەیشتە ٦٦ دۆلار و ٦٣ سەنت، لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٧١ دۆلار و ٧١ سەنت بوو.
هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی ٦.٧٤% دابەزی و گەیشتە ٦٩ دۆلار و ٨٩ سەنت، لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٧٤ دۆلار و ٩٥ سەنت بوو.
رۆژی چوارشەممە ترەمپ سەپاندنی باجی بەرفراوانی ڕاگەیاند کە بە “ڕۆژی ڕزگاری ئەمریکا” وەسفی کرد، گومرگەکان بریتی بوون لە سەپاندنی ٢٥%ی باج لەسەر ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکان و ٢٠%ی باج لەسەر هەموو هاوردەکردنی تر.
هەروەها باجی زیاتر بەسەر هەندێک هاوبەشی بازرگانی ئەمریکادا سەپێندرا لەوانەش ٣٤%ی باج لەسەر هاوردەکردنی چین، ٢٤% لەسەر هاوردەکردنی ژاپۆن و ٢٠% لەسەر هاوردەکردنی یەکێتی ئەوروپا، هەروەها بەسەر عێراقدا ٣٩%ی باجی سەپاند.































































