زاری کرمانجی:
سەرچاوە لوبنانییەکان ئەمڕۆ هەینی، 4ـی نیسانی2025، بڵاویان کردەوە، لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری سەیدا لە باشووری لوبنان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا بەرپرسێکی حەماسی بەناوی حەسەن فەرحان ناسراو بە “ئەبو یاسر” لەناو بردووە.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کرد، فەرحان لەگەڵ کوڕ و کچەکەی لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ماڵەکەیان لە سەیدا کوژراون.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردەوە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل شوقەیەکی نیشتەجێبوونیان لە سەیدا کردۆتە ئامانج و بەهۆیەوە سێ کەس کوژراون.
ڕاستەوخۆ دوای هەڵمەتەکە تیمەکانی فریاگوزاری و ئەمبولانس دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی بۆمبارانکردنەکە.
لە دوای هەڵوەشانەوەی ئاگربەست لەگەڵ حەماس، ئیسرائیل سەرکردە دیارەکانی حەماسی لەناو بردووە لەوانەش؛ ئیسماعیل بەرھوم و سەلاح بەرداویل، عەبدول لەتیف قانوع لەگەڵ سەرکردە دیارەکانی دیکە.































































