محەمەد ئامۆکەیی – زاری کرمانجی
عەقید شەماڵ دێواری، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران ئەمڕۆ چوارشەممە بە زاری کرمانجی” راگەیاند کە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سەرکەوتووانە ئارامترین جەژنی ڕەمەزانی بەڕێوەبردووە.
بەپێی لێدوانەکەی گوتەبێژی پۆلیس، پلانێکی ئەمنی گشتگیر بە هەماهەنگی لەنێوان چەندین دەزگای ئەمنی داڕێژراوە، لەوانە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، ئاسایشی سۆران، ئاسایشی مێرگەسۆر، پۆلیسی هاتوچۆ و پۆلیسی بەرگری شارستانی سۆران.
روونیشی کردەووە:“ بەپێی ئەو پلانە، سەرجەم هێزە ئەمنییەکان لە ناو شار و شوێنە گەشتیارییەکان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ڕەخساندنی کەشێکی ئارام بۆ گەشتیاران و پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتییان، ئەنجامیش سەرکەوتووانە بوو و بەبێ تۆمارکردنی هیچ ڕووداوێکی تاوان کۆتایی پێهات.
شەماڵ دێواری، لەکۆتاییدا دەستخۆشی لە ئەفسەر و کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان کرد و سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگی هاوڵاتیانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرد کە بەردەوام هاوکاری دەزگا ئەمنییەکانن بۆ ڕێگری لە کێشە و ئاژاوە و تاوان لە شارەکەیان.































































