زاری كرمانجی – سۆران :
پسپۆرێكی كەشناسی هەرێم پێشبینی دەكات رۆژی شەممە شەپۆڵێكی تەرزە و باران و لافاو بە سەختی سلێمانی و ناوچەكانی دەگرێتەوە.
ئاراز جەبار پسپۆری بواری كەشناسی ئاماژە بەوە دەكات ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ ی نیسان لەكاتەكانی نیوەرۆوە هەورە بروسكە و تاوە باران لە ناوچەكانمان دەستپێدەكاتەوە، بەتایبەت لە ناوچە شاخاویەكانی پارێزگای دهۆك و هەولێر و ئیدارەی سۆران چالاكتر ئەبێت و هەندێك كات بارانی بەخوڕ دەبارێت .
ئەو پسپۆرە دەشڵێت” پاشان بە كاریگەری لاواز درێژ ئەبێتەوە بۆ سەر ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین بەشێوەی نمە باران و لەھەندێ شوێنیش تاوە بارانی مامناوەند ئەبارێت و ئێوارە كۆتای پێدێت، پلەكانی گەرما بەجێگیری ئەمێنێتەوە تەنھا لە ناوچە شاخاوییەكان بەراورد بە ئەمڕۆ ٢تا ٣ پلە نزم دەبێتەوە، بای باشووری رۆژھەڵات كاتەكانی نێوان نیوەرۆی سبەی بۆ ئێوارە چالاك ئەبێت بەخێرای ١٥ تا سەرووی ٤٠كم لە كاتژمێرێكدا و ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ ئەبێت” .
ئاراز جەبار پێشبینی دەكات رۆژانی پێنجشەمە و ھەینی كەش سەقامگیر ئەبێت.
لە بارەی كەشوهەوای سلێمانی و ناوچەكانی، ئارازی جەبار پێشبینی دەكات، لە بەرەبەیانی رۆژی شەمەوە ٥ نیسانەوە ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین و گەرمیان ئەكەوێتە بەركاریگەری تەوژمە ھەوایەكی تەر و شێدار كە لە دەریای سوور و كەنداوی عەرەبیەوە درێژ ئەبێتەوە و پێشبینی ئەكرێت بەدرێژای كاتەكانی رۆژی شەمە تا بەرەبەیانی رۆژی یەكشەمە ھەورە بروسكەی بەھێز و تەرزە و لێزمە باران لەو ناوچانەدا چالاك ببێت لەگەڵ ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاویش لەھەندێ كات و شوێندا”.
ئەو كەشناسە ئەوە دەردەخات كە ئەو شەپۆلە ناوچەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستانیش بەرێژەیەكی لاوازتر ئەگرێتەوە .

































































