مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هێزە ئەمنییەكانی عێراق هەواڵی كوژرانی (شەوق عەنزی) كچە مۆدێل و بلۆگەری عێراقیی پشتڕاست كردەوە و ڕایدەگەیەنێت كە تەرمی ناوبراویان لە یەكەم ڕۆژی جەژندا لەناو باڵەخانەیەك لە ڕۆژئاوای بەغدا دۆزیوەتەوە و بكوژەكەشیان دەستگیركردووە .
لە ڕاگەیاندراوەكەی هێزە ئەمنییەكانی عێراق هاتووە “شەوق عەنزی بە دەمانچەی بێ دەنگ لە لایەن گەنجێكی تەمەن 22 ساڵ كوژراوە،”
دەشڵێت “گەنجەكە هەوڵی هەڵاتنی داوە، بەڵام لە لایەن هێزەكانمان لە پارێزگای ئەنبار دەستگیركراوە،”
ئاماژە بەوەشكراوە كە بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتایییەكان، پاڵنەری تاوانەكە دزی بووە و تۆمەتبار دانی بە ئەنجامدانی تاوانەكەدا ناوە.
میدیاكانی عێراق جەخت لەوە دەكەنەوە كە خەریكە بەئامانجگرتن و كوشتنی كەسانی دیاری ناو سۆشیاڵ میدیا لە عێراق دەبێتە دیاردە و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو چەندین ڕووداوی لەم شێوەیە تۆماركراون .

































































