زاری كرمانجی-رواندز
ڕێكخراوی نەوەكانی ئەیلوول، بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بارەگای بارزانی دەستیان كردووە بە دروستكردنەوەی شوێن و بارەگاكانی شۆڕشی ئەیلوول لە دەڤەری باڵەكایەتی، یەكێك لەوانەش بنیادنانەوەی نانەواخانەی كۆسپی سپییە.
لەمبارەیەوە هونەر كاكەئەحمەد، بەرپرسی ڕێكخراوی نەوەكانی ئەیلوول، بەزاری كرمانجی گووت: “لەبەردەوامی كاروچالاكییەكانمان بۆ بنیادنانەوەو ئاوەدانكردنەوەی شوێن و بارەگاكانی شۆڕشی ئەیلوول لە دەڤەری باڵەكایەتی، لە ماوەی ڕابردوودا پێشوازیمان كرد لە ڕەشید مەلا عەلی، ئەندامی سكرتاریەتی بارەگای بارزانی هاوڕێ لەگەڵ مستەفا عەلی بیراكەپری، بە مەبەستی لە نزیكەوە هەڵسەنگاندن بۆ شوێن و چۆنیەتی بنیادنانەوەو دروستكردنەوەی نانەواخانەكی شۆڕشی ئەیلوول، لە كۆسپێ سپی ڕێگای سەرەكی (سۆران-چۆمان) نزیك گوندی پیرەسوان لە سنووری قەزای ڕواندز”.
بەرپرسی ڕێكخراوی نەوەكانی ئەیلوول، ئاماژەی بەوەشدا: ” نانەواخانەی كۆسپی سپی یەكێكە لە یادگاریە پڕ بەهاكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، كە لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلوول، تایبەت بووە بە دابینكردنی نان بۆ پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی چیای زۆزك و دەورووبەری، بە بڕیاری جەنابی سەرۆك بارزانی، نانەواخانەكە وەك ڕەمز و یادگاری پێشمەرگەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول جارێكی تر وەك خۆی لەهەمان شوێن دروست دەكرێتەوە.

































































