مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سعودیە رایگەیاند لەمساڵەوە مەرجی تەمەن بە سەر حاجیاندا جێبەجێ دەكەن و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستانیش ڕایدەگەیەنێت”زۆربەی ئەو كەسانەی بۆ سەفەری حەجی ئەمساڵ ناویان دەرچووە، تەمەنیان لە سەرووی حەفتا ساڵە، بۆیە تەنیا 358 كەسیان دەتوانن حەج بكەن،”
بە پێی راگەیاندراوەكەی حەج و عومرەی سعوودیە كە رۆژی 20 ـی ئەم مانگە بڵاوكرایەوە ، مەرجی تەمەن بەسەر حاجییاندا جێبەجێدەكات بۆ كەمكردنەوەی رێژەی ئەو كەسانەی كە تەمەنیان لە سەرووی حەفتا ساڵەوەیە.
هاوكات دەستەی باڵای حەج و عومرەی عیراق یش رایگەیاند “بڕیارەكەی سعوودیە ناچارییە و ئەمساڵ كار بەو بڕیارە دەكەین كە سعودیە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی حاجییانی بە تەمەن، بۆ سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی دەریكردووە.”
لە لایەكی دیكەشەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان لەمبارەوە راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و دەڵێ “ئەو كەسانەی بۆ سەفەری حەجی ئەمساڵ ناویان دەرچووە زۆربەیان بە تەمەنن و ژمارەیەكی زۆریشیان تەمەنیان سەرووی حەفتا ساڵە، بۆیە لە كۆی ئەوانەی سەرووی ئەو تەمەنەن تەنیا 358 كەسیان دەتوانن حەج بكەن و ئەوانەشی دەمێننەوە سەفەرەكەیان دەكەوێتە ساڵی داهاتوو.”

































































