شەهلا ڕەشید- زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران لە بڵاوكراوەیەكدا كە ئاراستەی گشت بەڕێوەبەرایەتییەكان، نەخۆشخانەكان، سەنتەرەكان و بنكە تەندروستییەكان كراوە بەهەموو شێوەیەك وەرگرتنی پارە لە ژێر هەر ناونیشانێك لە هاووڵاتییان بۆ ڕایكردنی كارەكانیان بەدەر لە ڕسوماتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بەشێوەی پسوولە و بلیت دەدرێت بە هاووڵاتی بە هەموو شێوەیەك قەدەخەیە، بە پێچەوانەوە بەشی كارگێڕی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان بەرپرسیار دەبن و ڕێكاری یاسایی بەرامبەریان دەگرێتە بەر.
ڕێزان باڵەك، بەرپرسی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی لە دایك بوون و منداڵانی سۆران، لەم بارەوە بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” بڕیارەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران لە جێی خۆیەتی و دەست خۆشییان لێ دەكەین، بڵاوكراوەكە نەك تەنها نەخۆشخانەی لە دایكبوون بەڵكوو هەموو نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان دەگرێتەوە، وەك لە نووسراوەكەدا ئاماژەیان پێكراوە تەنیا ڕسوماتی حكومی نەبێت واتە لە هەر نەخۆشخانەیەك كەسێك نەشتەرگەری بۆ بكرێت یان منداڵی ببێت یاخود چارەسەری سروشتی وەربگرێت…هتد، ئەوانەی لە نەخۆشخانە كار دەكەن و بە مەبەستی یارمەتیدانی نەخۆشەكان، یان بە ناوی هەر شتێك داوای پاداشت بكەن، قەدەخەیە و سزای یاسایی لێ دەكەوێتەوە و بڕیارەكەش كەوتووەتە بواری جێبەجێكردن.