مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە راگەیاندراوێكدا هۆشداری لە بەهێزبوونەوە و خۆ رێكخستنەوە و چالاكبوونەوەی داعش دەدات و ئاشكراشی دەكات كە داعش چەك و تەقەمەنییەكی زۆری سوپای ئەسەدی بەدەستهێناوە .
هەسەدە دەڵێ “لە پاش كەوتنی ئەسەد، داعش چەك و تەقەمەنی زۆری كەوتووەتە دەست و جموجۆڵ و چالاكییەكانی زیادیكردووە،”
دەشڵێت “هێشتا پاشماوەكانی داعش هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا.”
هەسەدە ئاماژە بەوەش دەكات “داعش سوود لەو هێرشانەی دەوڵەتی توركیا و گرووپە چەكدارەكانی نزیكی توركیا دەبینێت.”
هاوكات دوێنێ یەكشەممە 23ـی 3ـی 2025، هێزەكانی سووریای دیموكرات بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئۆپەراسیۆنێكدا چەندین چەكداری داعشیان لە ناوچەكانی حەسەكە، رەققە و گوندەوارەكانی دێرەزوور دەستگیركردووە .