زارى کرمانجى:
مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێرشە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بۆ سەر یەمەن دەستی پێ کردووە، سەرکردە باڵاکانی حووسییەکانی لەناو بردووە، لەنێویاندا پسپۆڕی سەرەکیی مووشەک.
واڵتز بە کەناڵی سی بی ئێس نیوزی وتووە: ئێمە هێرشمان کردووەتە سەر بارەگاکانیان، ناوەندنی پەیوەندییەکانیان، کارگەکانی چەک و تەنانەت هەندێک لە دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
واڵتز، ناسنامەی ئەو سەرکردەی ئاشکرا نەکرد کە کوژراوە، هەروەها هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ئەو سەرکردانەی دیکەى کوژراون، نەخستووەتەڕوو.
سوپای ئەمەریکا تا ئێستا کەمترین وردەکاری لەبارەی ئەو هێرشانە بڵاو کردووەتەوە، دوای ئەوەی حووسییەکان هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتیوانیی لە دەریای سووردا کردبوو، ئەوەش بەهۆی شەڕی غەززە.
پێشتریش ڕۆژی یەکشەممە، سەرچاوەکانی یەمەن ڕایانگەیاند، مەنسوور سەعدی، داڕێژەری هێرشە دەریاییەکانی حووسییەکان، لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمەریکادا بریندار بووە و گواستراوەتەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سەنعا.
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی زە وۆڵ ستریت جۆرناڵ، پشتڕاستی کردەوە، لەناوبردنی سەرکردە حووسییەکان، یەکێکە لە ئامانجەکانی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر یەمەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەرەشەی بە لەناوبردنی حووسییەکانی کرد. هەروەها ترەمپ لە پلاتفۆرمی (تروث سۆشیال)ی خۆیدا نووسیویەتی “زیانێکی گەورە بەر حووسییەکان کەوتووە، سەیری دۆخەکە بکەن، ئەوان بە تەواوی لەناو دەچن”.