*هەر دیمەنێكی توندوتیژی لە دراماو فیلمەكاندا، رەنگدانەوەی لە سەر ژیانی رۆژانەی گەنجان دەبێت
*رەفتاری بەشێك لە گەنجان وەكوو ئەكتەرى فيلمه ئەكشنەكانی لێهاتووە
* میدیاكان لە رێگای توندوتیژییەوە، گەنجانیان تووشی دڵەڕاوكێ كردووە
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دراما و فیلمەكانی بەشێك لە میدیاكانی كوردستان، بە تایبەت كەناڵە ناوخۆییەكان جۆرێك لە توندوتیژی تێدایە و بە پێی قسەی پیسپۆرانی دەروونناسی ئەم جۆرە دیمەنانە راستەخۆ كاریگەری لە سەر دەروونی گەنجان دروست دەكات و لە ژیانی رۆژانەیاندا رەنگدەداتەوە و گەنجێكی توندوتیژ و دەمارگیر بەرهەم دەهێنێت .
كرێكار محەممەد بوونی ئەو جۆرە دراما و فیلمانەی پەخش دەكرێن لە كەناڵە ناوخۆییەكانی كوردیی، بە هانادان بۆ توندوتیژی ناو دەبات و داواكارە لە لایەنی پەیوەندیدار سنوورێكی بۆ دابنرێت و دەڵێ “پەخشكردنی ئەو دراما و فیلمانەی دیمەنی توندوتیژی و تاوان و دزی و دەستدرێژی تێدایە، گەنجان بەرەو توندوتیژی هان دەدات و كاریگەری و دەرئەنجامی مەترسیدار بەدوای خۆیدا دەهێنێت و پێویستە سنووردار بكرێن و لە رووی یاساییەوە سنوورێك بۆ ئەو جۆرە دراما و فیلمانە دابنرێت و كاتی پەخشكردنی بۆ دیار بكرێت،” كرێكار دەشڵێت”بە نیوەرۆ لە یەكێك لە كەناڵە ناوخۆییەكان فیلمی ترسناك پەخش كراوە، لەم كاتەدا منداڵیش دەتوانێ بە دیارییەوە دابنیشێت و سەیری بكات، ئاخر منداڵێك سەیری ئەم جۆرە فیلمە بكات، چی بەسەر دێت، بە دڵنیایەوە لە ئایندەدا كاراكتەرێكی توندوتیژی و شەڕانگێزانەی لێ دەردەچێت،”
كرێكار جوانكردنی كوشتن و رەوشتە خراپەكان لە لایەن بەشێك لە میدیاكانی كوردی بە تاوان و كارەسات ناودەبات و دەڵێ “میدیاكان پێویستە ئەخڵاقی كارەكانیان بپارێزن و خەمی كۆمەڵگە و داهاتووی گەنجیان لەبەر چاو بێت، ناكرێ بۆ زیادكردنی بینەری كەناڵەكانیان هەموو شتێك پەخش بكەن.”
سیاكۆ قادر باس لەوە دەكات بەشێك لە گەنجان لاسایی هەندێ لە ئەكتەری ناو دراما و فیلمەكان دەكەنەوە و كەسایەتی و رەوشتی جوانی خۆیان فەرامۆشكردووە و دەڵێ “گوناهە گەنجی كورد لاسایی ئەكتەرێكی تورك وەیان فارس بكاتەوە، من نازانم ئەوان چیان لە ئێمە جوانترە، چ كارێكی ئەوان لە دراما و فیلمەكان جێگەی سەرنج و سوودە، جگە لە كوشتن و رەفتاری خراپ،”
سیاكۆ ئەوەش دەڵێ بەشێك لە كەناڵە ناوخۆییەكان ترسیان لە نێو خێزان دروستكردووە و ئەگەر وا بەردەوام بێت دڵەڕاوكێ و نائارامی تەواوی كۆمەڵگە دادەپۆشێت و گەنجگەلێكی توندڕەو دەمارگیر دروست دەكات.
غەفار موسا هۆكاری كەمبوونەوەی هاوسۆزی و خۆشەویستی و رێزگرتن لای بەشێك لە گەنجان، دەگەڕێنێتەوە بۆ سەیركردنی بەردەوامی دیمەنەكانی توندوتیژی و دەڵێ “دیمەنەكانی توندوتیژی سۆز و خۆشەویستی و رێزگرتن لای گەنجان ناهێڵێت و وایان لێ دەكات هەستی مرۆڤانەیان نەجوڵێت،” دەشڵێت “ئەم جۆرە دیمانانە كاریگەری لەسەر گەشەكردنی مێشكی گەنجان دروست دەكات و توانای بڕیاردان و خۆبەرێوەبەریان لاواز دەبێت و هەروەها لە هەندێك كات دەكرێت ئەو گەنجانە زیان بە خۆیان بگەیەنن و رەفتار و كرداری مەترسیدار ئەنجام بدەن.”