” هەندێ کیس هەیە لە ئافرەتان شێرپەنجەیین پێویستە نەشتەرگەری بۆ بكرێت”
ئا/ شەهلا سۆفی
یەکێک لەو گرفتانەی خانمان بەردەوام باسی لێوە دەکەن دروستبوونی کیسی هێلکەدانە و زۆرجار ترس و دڵەڕاوکێ لای ئافرەتان دروست دەکات لەوەی، ئاخۆ تا چەند ئەو کیسانە مەترسیدارن و بە چ ڕێگایەک چارەسەر دەکرێن، بۆ ئەوەی ناچار نەبن پەنا ببەنە بەر نەشتەرگەری.
دکتۆرە مهاباد دلاوەر، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئافرەتان و منداڵبوون و نەزۆکی تایبەت بە زاری کرمانجی باس لە جۆرەکانی کیستی هێلکەدان، هۆکارەکانی دروستبوون و چارەسەرکردنی دەکات و دەڵێت: کیستی هێلکەدان بریتییە لە کیسێکی پڕ شلەمەنی کە ڕەنگە ئەو شلەمەنیە ئاوێکی ساف بێت یان خوێناوی یان چەوری،کە هەر لەگەڵ دەستپێکی سوڕی مانگانەی خانمان کیسی هێلکەدان درووست دەبن، قەبارەیان جیاوازە و لەکاتی سوڕی مانگانە بەشێکیان لەنێو دەچن، هەندێ جار قەبارە کیسەکان گەورە دەبێت و دەگاتە قەبارەی پرتەقاڵێک کە لەو حاڵەتەدا نیشانەکانی دەردەکەون و کێشە بۆ ئافرەت دروست دەکات، هەروەها زۆرجار هەر لە سەرەتای کەوتنە ناو سوڕی مانگانە تا تەمەنی نائومێدی کیسی هێلکەدان هەر دروست دەبێت”.
ئەم پسپۆڕەی نەخۆشییەكانی ئافرەتان زیاتر روونیكردەوە ” بەگشتی کیسی هێلکەدان دوو بەش لەخۆ دەگرێت بەشێکیان بە گوێرەی چاڵاکی هۆرمۆنەکانی هێلکەدانە کەسترۆجین و پڕۆجێسترۆن دروست دەبن یان لەکاتی دووگیانی درووست دەبن کە بێ زیانن و پێویست بە وەرگرتنی دەرمان ناکات. لەجۆرەکانی تری کیسی هێلکەدان بریتییە لەو کیسەی کە شلەمەنییەکی وەک ئاوی تێدایە و هیچ زیانێکی نیە، کیسی دێرمۆید کە لەناو پێست، موو یا ئێسک هەندێجار لەناو ددانیش دروست دەبێت و پێویستی بە نەشتەرگەرییە بۆلابردنیان، جۆرێکی تری کیس (ئەندۆمێتریۆسە) کە بەچارەسەر نەکردنی ئەو کیسانە ئافرەت تووشی ژانی زۆرو نەزۆکی دەبێت. هەروەها هەندێ کیس هەیە لە ئافرەتانی بەتەمەن دروست دەبێت کە کیسی شێرپەنجەیین”.
بۆ ئەوەی ئافرەتان بزانن كیسیان هەیە یا نە د. مەهاباد نیشانەکانی هەبوونی کیسی هێلکەدان رووندەكاتەوە و دەڵێت ” ئەگەر قەبارەی گەورە بێت هەست بەئازار و قورسایی دەکات، لەبەشی حەوز، تووش بوون بەقەبزی، ناڕێکی لە سووڕی مانگانە، هەبوونی ئازار لەکاتی جووت بوون، زۆربوونی مووی زیادە، زیپکە”.
دکتۆرە مهاباد باس لە مەترسییەکانی کیسی هێلکەدان دەکات و دەڵێت: کاتێک مەترسی دەبێت كە ئافرەت ژانێکی زۆر، تای بەرز، خوێن بەربوونێکی زۆر و ناڕێکی لە سووڕی مانگانە، ڕشانەوەو دڵ تێکهەڵاتنی هەبێت، ئەوە نیشانەی سووڕانی هێلکەدان یا تەقینی کیسەکەیە و پێویستە نەخۆش نەشتەرگەری بۆ بکرێ”.
د، مهاباد زانیاری لە سەر هەندێك جۆری دیكەی كیس دەخاتەڕوو، ئەو گووتی ” دروستبوونی کیسی بچوک لەئافرەتانی دووگیان وەک (لیوتیالسیست) بەهۆی گۆڕانی هۆرمۆنەکانە کە ئاساییە و زۆربەی جار تا کۆتایی سێ مانگی یەکەمی دووگیانی کیسەکان نامێنن، بەگشتی ئەو کیسانەی لە پێنج سانتیمەتر بچووکتر بێت و شلەکەی ناوی پاک بێت وەک ئاوێکی ساف پێویستی بە نەشتەرگەری نابێت و زۆرجار بە دەرمان لەنێودەچن، بەڵام کەقەبارەی گەورەبوو پێویستە بە نەشتەرگەری کیسەکان دەربهێنرێن، هۆکاری دروستبوونی کیسی هێلکەدان بریتییە وەرزش نەکردن و نەبوونی جوڵە، خواردنی خێرا، شیرنەمەنی، خواردنەوە کحوولیەکان، چەوری تڕانس وەک گۆشتی سوور، نان “.