* لە كولتووری كوردیدا، شاخەكان وەك هێمای ئازادی و شۆرش و سەربەرزی ناسێندراون، ئێمەش هێز و ئیرادەیان لێ وەردەگرین
* ئێمە و شاخەكان دووانەیەكی لێك دانەبڕاوین
*هەر هەنگاوێكی شاخ وانەیەكی بە سوودی ژیانی تێدایە
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە ساڵی 2005 ەوە دوای دروستبوونی فیدراسیۆنی شاخەوانی هەرێمی كوردستان، بە دەییان گرووپی شاخەوانی لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دروستبوون و ئارەزووی شاخڕەوی لای هاونیشتمانیان بە تایبەت گەنجان رۆژ بە رۆژیش لە زیادبوون دان و ساڵانە بە هەزاران كەس لە رێگای ئەو گرووپانەوە گەشتی شاخەكانی كوردستان دەكەن .
گەنجان بەشی زۆری ئەندامانی ئەو گرووپانەیان پێكهێناوە و بەشێكیان لە پێناو دابەزاندنی كێشەیان پەنا بۆ شاخەكان دەبن و بەشێكی دیكەشیان بۆ بە هێزبوون و ئارامبوونەوەی دەروون و تێكەڵاوی بوونیان لەگەڵ ژینگە و سروشت، رێگای شاخەكانیان گرتووە، گەنجێك دەڵێ “لە شاخ هەموو شتێك بێ بەرامبەرە، چارەسەری نەخۆشی، رووانین لە دیمەنە سەرنجراكێشەكان، مانەوە لە ئەشكەوتەكان، وەرزشی بەهێزبوونی ماسوولكەكانی جەستە.” یەكێكی دیكە دەڵێ “باب و باپیرانی ئێمە بە بەرزییەوە لە شاخەكانیان روانیووە و هێز و ئیرادەیان لێوەگرتووە، ئێمەش بەردەوامی بەو رێچكەیە دەدەین.”
لە سنووری ئیدارەی سۆران نزیكەی 10 گرووپی شاخەوانی هەن و بەشێكی زۆریان گەنجن،
هەنگاو حەمەدەمین عەزیز، حەز و ئارەزووی شاخەوانیی خۆی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی و دەڵێت “لە منداڵییەوە ئارەزووی شاخەوانیم هەبووە و بەردەوام لەگەڵ برادەران گەشتی شاخ و سروشتی دەووربەری شارمان دەكرد، ئەو حەز و خولیایە رۆژ بە رۆژ لەگەڵم گەورە دەبوو، تا لە ساڵی 2018 بوومە ئەندامی یەكێك لە گرووپە شاخەوانییەكان،”
دەشڵێت”تا هێز و توانام ماوە بەردەوام دەبم لە گەشتی شاخەوانیی، چونكە ئامانجم ئەوەیە تەواوی شاخە بەرزەكانی كوردستان بگەڕێم،”
هەنگاو، جوانی سروشت و ژینگەی رواندز بە هۆكاری پەیوەست بوونی خۆی دەزانێت بە شاخەكان و دەڵێ “شاخ و سروشتی ناوچەكە، هەمیشە مێشك و دەروونم ئارام دەكاتەوە و ماندوویەتیی رۆژگار و جەنجاڵی و ژاوە ژاوی شارمان لە بیر دەباتەوە و ئاو و هەوایەكی پاكمان پێ دەبەخشێت،”
سەختی و مەترسییەكانی شاخ و رووداوە ناخۆشییەكانی كەوتن و تەقینەوەی مین بۆ ساتێكیش هەنگاو و هاوڕێیانی سارد نەكردووەتەوە لە چوونیان بۆ شاخ و دەڵێت “شاخەوانی، زۆر هاوڕێی ئازیز و خۆشەویستی پێ ناساندووم، وەك برا گەشت دەكەین و لە خۆشی و ناخۆشییەكان هاوبەشین، ئەگەرچی لە گەشتەكانماندا رووبەرووی چەندین رووداوی ناخۆش بووینەوە وەك هەڵدێران لە شاخ، تەقینەوەی مین و برینداربوون، بەڵام بۆ چركەیەكیش ئەو جۆرە رووداوانە لە خۆشەویستی ئێمەی كەم نەكردووەتەوە بۆ شاخ و ژینگە، بەڵكوو بە پێچەوانەوە گەرمتر لە جاران تێكەڵای جوانییەكانی شاخ و سروشت بووین.”
زریان قادر باس لەوە دەكات كە لە كولتووری كوردەواری دا، شاخەكان وەك هێمای ئازادی و شۆرش و سەربەرزی ناسێندراون، هەر لەبەر ئەوەش تێكەڵاوییان لەگەڵ شاخەكان هەیە و هێز و ئیرادەی لێ وەردەگرن “كاتێ شاخەكان هێمای ئازادی و سەربەرزی و پەناگەی شۆرشەكانی كورد بووبێت، بە دڵنیایەوە لای ئێمەش رێزلێگیراوە و خۆشەویست دەبێت، شاخەكان پیرۆزن و هێز و ئیرادەیان لێ وەردەگرین،”
زریان دەشڵێت “گەیشتن بە لووتكەی شاخەكان، هەستێكی سەركەوتن و متمانە بەخۆبوونی زیاترم لا دروست دەكات و شانازی و ئیرادەی زیاترم پێ دەبەخشێت،”
ئاماژە بەوەش دەكات شاخەوانی یارمەتی كەمكردنەوەی فشار و نیگەرانی دەدات “كاتێك پەیوەندی لەگەڵ سروشت و شاخەكان دەبەستیت، هەست بە كەمكردنەوەی فشار و نیگەرانییەكان دەكەیت و رۆژ بە رۆژ وانەی نوێی خۆڕاگریی و سەركەوتن و كێبەڕكێ كردن فێر دەبیت و بە پێی رۆژگار لە كەسێكی لاوازەوە دەگۆڕێت بۆ كەسێكی بەهێز و خاوەن ئیرادەیەكی بێ كۆتا.”
ئەحمەد ئیسماعیل شاخەوانی تەنیا بە چالاكییەكی جەستەیی نازانێت، بەڵكوو پێی وایە ڕێگایەكیشە بۆ گەشەكردنی دەروونی و پەیوەندی بەستن لەگەڵ سروشت و كۆمەڵگە، ئەو دەڵێ “مرۆڤ لە شاخەكانەوە زۆر شت فێر دەبێت، هەر هەنگاوێكی شاخ وانەیەكی بە سوودی ژیانی تێدایە، فێری ئەوەت دەكات لە كاتە سەختەكان چۆن هەڵسوكەوت بكەیت و چۆن بەسەر تەگەرەكاندا سەربكەویت، فێرت دەكات چۆن رێز لە شتەكانی دەوربەرت بگریت و یارمەتی و ئاگایی تەواوت پێ دەدات لە گرنگی دان و پاراستنی ژینگە و، ئاستی تێگەیشتن و رۆشنبیریت بەرز دەكاتەوە و وات لێ دەكات زانیاری زیاترت هەبێت لەسەر جوگرافیای ناوچەكە و كوردستان و جۆری گژوگیا و باڵندە و ئاژەڵە كیوەكان، سەرەڕای ئەمانەش شاخەوانی یارمەتی فێربوونی كاركردنی تیمی و پشتگیریكردن لە یەكتر دەدات و فێرت دەكات لە كاتی گەشت و كاركردندا چۆن پلان دادەنێت و ئامادەكاری دەكەیت .”
شاڵاو خورشید شاخڕەوی و گەشتی ناو سروشت، بە ژیانێكی نوێی ناو دەبات و دەڵێ “شاخ و سروشت ژیانێكی نوێ بە مرۆڤ دەبەخشێت و بیركردنەوەی خراپ و نێگەتیڤەكان ناھێڵێت و توانای مێشك زیاد دەكات و جەستە بەهێزتر دەكات،”
دەشڵێت “هەر چیا و شاخێكی كوردستان، هێمای سەربەرزی و سومبولی شۆڕش و كوردایەتین، ئەگەر سەردەمانێك قەڵغانی پێشمەرگە بووبن، ئەوە ئەمرۆش بوونەتە هیوا و ئاواتی گەنجان بۆ ژیانێكی شایستەتر و تەندروستییەكی باشتر و ئیرادەیەكی بەهێزتر، بۆیە ئێمە و شاخەكان دووانەیەكی لێك دانەبڕاوین.”