موڕشید برادۆستی – سۆران:
لە ناحیەی سیدەکان و خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ژمارەیەکی زۆر کەمئەندامی لێیە، بەهۆی دووری ناوچەکە و ئاسانکاری بۆ ئەو توێژە هەوڵی کردنەوەی دوو بنکەی چاودێری کۆمەڵایەتی لەو دوو ناحیە دەدرێت .
توران خدر بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ئیدارەی سۆران، میلاکی بەڕێوەبەرایەتییان کەمە و بەهۆی گرفتی میلاکات زۆربەی جار کاریگەری دەکاتە سەر ئیش و کارەکانمان، دەڵێ” لە بەڕێوەبەرایەتییمان و بە هەر سێ بنکەی قەزاکانیشەوە، تەنیا 60 فەرمانبەرمان هەیە، ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە، بەشێک لە فەرمانبەرانیش داوای گواستنەوەی ڕاژە دەکەن بۆ وەزارەتەکانی دیکە و بەڕێوەبەرایەتییەکان، چونکە مووچەی وەزارەتی ئێمە و دەرماڵەکان لەگەڵ وەزارەتەکانی دیکە جیاوازە و کەمترە.
بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سۆران، ئاشکراشی کرد:” بەهۆی زۆری ڕێژەی کەم ئەندامان و دووری ناوچەکە لە سۆران، داوامان کردووە بنکەی چاودێری کۆمەڵایەتی لە ناحیەی خەلیفان و سیدەکان بکەینەوە، تا ئاسانکاریش بۆ کەم ئەندامانی ئەو ناوچانە دروست ببێت.”