” کارکردن چەندە پیرۆزە پاراستنی شکۆی خانمی زۆر بەرزترە”
” ئافرەت دەتوانێ کارێزما بێت و كارێزماش پەروەردە بكات”
دڵڤین فەخری حەمەد، ساڵی 2003 لە شاری سۆران لەدایکبووە، قوتابی قۆناخی چواری زانکۆی سۆرانە، ماوەیەكە لە پاڵ خوێندن و چاڵاكییەكانی دیكەی دەستی داوەتە دروستكردنی شیرینی، لە ماوەیەكی كورتدا توانیویەتی كارێكی جیاواز بكات و بە زوویی ناسرا و لە چەندین پیشانگە كارەكانی نمایش كرد و هەم بازاڕی بۆ شیریینەییەكان دۆزییەوە هەمیش زیاتر ناسرا.
دڵڤین دەڵێت ” هەموو دەم بیرم لەوە كردۆتەوە کارێکی جیاواز بكەم، بۆ ئەوە شیرینییەكانم ببێتە بڕاندی تایبەت بە خۆم”.
بەشێکی زۆری ئافرەتان هەوڵ دەدەن ببەنە خاوەن کاری خۆیان، ئەمەش هۆكارە بۆ پێشكەوتنی وڵات و سەربەخۆیی ئافرەتان، دڵڤین لەمبارەیەوە دەڵێت ” هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی کار و بوون بە خاوەنکار وادەکات وڵات زیاتر پێش بکەوێت و ئافرەتان زیاتر بڕوایان بەخۆیان بێت زۆربوونی ئەم هەستەش لای ئافرەتان وادەکات زیاتر بەدوای بەهرەو تواناکانیان بگەڕێن، لەم سۆنگەیەش هەم پاشخانی رۆشنبیری و زانیارییەکانیان زیاتر دەبێ، هەمیش كاریگەری لەسەر ئاستی گەشەكردنی ئابووری مامناوەندی وڵات دەبێ”.
ئێستاشی لەگەڵ دابێت كۆمەڵگە و نەریت دەبنە كۆسپ بۆ ئافرەتان تا نەبنە خاوەنکار، ئەو كچە شۆخ و شەنگە لەمبارەیەوە دەڵێت “نەریتە باوەکانی کۆمەڵگا کاریگەری نەرێنی زیاترە لە ئەرینییەکان، هەر کەسێک ئەبێتە خاوەنکار بێگومان ئەکەوێتە بەر رەخنە، بەتایبەتیش ئەگەر ئافرەت بێت، باوبووە ئافرەت لەماڵەوە بێت و کاری ماڵەوە بکات، بەڵام ئێستا کاری سەربەخۆیان هەیەو هەندێکیشیان بوونەتە بڕاند و سەلماندوویانە ئافرەت دەتوانێ چ کارێزمایەک بێت و كارێزماش پەروەردە بكات”.
لە درێژەی قسەكانیدا خاتوو دڵڤین گووتی ” کارکردن پیرۆزە، بەڵام پاراستنی شکۆی خانمی زۆر بەرزترو پیرۆزترە، هەندێك ئافرەت كە دەست بە کارێک دەکەن، رەنگە هۆشیاری تەواویان نەبێت، بۆیە تووشی کێشە دەبن، چ لەدەرەوە یا بە ئۆنلاین، بۆیە زۆر گرینگە هۆشیار بن تا نەکەونە بەر تانەو تەشەری کۆمەڵگە و پێگەی بە رێزەوە بهێڵێتەوە”.
دڵڤین لە بارەی كاریگەری ئابووری سەربەخۆی بۆ ئافرەتان دەڵێت” بێگومان ئابووری سەربەخۆ راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە پێشکەوتنی ئافرەتان، چونکە لەکاتی کارکردن کۆمەڵێ کەسی جیاواز دەناسن، شێوازی بیرکردنەوەیان دەەگۆڕێ و توانای بەرەنگاربوونەوەی کێشەکانی ئەبێت و زیاتر هەوڵ دەدەن بیرۆكەی نوێ و جیاواز تاقی بکەنەوە و پشت بەخۆیان ببەستن”.
زۆرینەی مرۆڤەكان لە كاركردن رووبەڕووی كێشە دەبنەوە، ئەگەر ئافرەت بێت، زیاتر ئاڵەنگاری دێتەسەر رێگەی ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت” خوێندن زۆر کاتی داگیرکردووم و کار کردنم لەماڵەوەیە و تەنیام، رەنگە ئێستا لەتوانام نەبێ زۆرێک لە ئۆردەرەکان وەربگرم و شوێنێکی دیاری کراویشم نیە، ئەمە وادەکا پڕۆسەی پێشکەوتنم وەك ئەمەوێ نەبێت، زۆریش ماندووم”.
لە كۆتایی قسەكانیدا، دڵڤین فەخری گووتی” سەرکەوتنی ئافرەت راستەوخۆ بەستراوەتەوە بەماڵەوە، ئەگەر لەگەڵت بن چانسی سەرکەوتنیش زیاتر دەبێت، بەڵام هەرچەندە لە كارەكانت پێشکەوتوو بیت، خێزان و ماڵەوەت لەگەڵ نەبن، هیچ باێخێکی نیە و بەسەرکەوتن هەژمار ناكرێت، بۆیە پاڵپشتی و رێزی خێزان و بنەماڵە لەسەرووی هەموو سەركەوتنێكە”.