زارى کرمانجى:
بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان لەماوەی دوو هەفتەدا دەست بەسەر زیاتر لە هەزار کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و دوو پارێزگای عێراقدا گیراوە، 16 بازرگانیش دەستگیرکراون کە بەشێکیان خەڵکی وڵاتانی دراوسێن.
لەبەردەوامی هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ژمارەیەک چالاکییدا لە دوو هەفتەی ڕابردوو بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان 82 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستیبەسەردا گیرا، لە بەغدا و مووسڵیش لە دوو چالاکی هاوبەش هەزار و 170 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستیبەسەردا گیرا.
بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان لە ڕاگەیێنراوەکەیدا دەڵێت، “لە دهۆک و زاخۆ، توانرا ژمارەیەک بازرگان دەستگیربکرێن کە کاری گواستنەوەو مامەڵەکردنیان بەماددەی هۆشبەرەوە دەکرد کە ژمارەیەکیان هاووڵاتی وڵاتانی دراوسێن.
لەم چالاکیانەدا توانراوە بڕی (22٫940) کیلۆگرام کریستاڵ و (1٫440) کیلۆگرام هیرۆین و (50) کیلۆگرام حەبی ترامادۆڵ دەستبەسەردا بگرن.
توانراوە تۆڕێکی تری بازرگانی (کریستاڵی شل) هەڵبوەشێننەوە کەناو دوو دەبەی ڕۆنی ئۆتۆمۆبیل دانراوە کە کێشەکەیان (7٫620)کیۆگرام بووە دەستی بەسەرداگیراوە، کۆی گشتی ئەو مادانە دەکاتە 82 کیلۆگرام و تۆمەتبارەکانیش 16 تۆمەتبارن.
بە هەماهەنگی بەرێوەبەرایتی نەهێشتنیی ماددەهۆشبەرەکان، توانرا (1100 کیلۆگرام واتا تەنێک سەد کیلۆگرام) حەبی کپتاگۆن لەشاری بەغداو (70) کیلۆگرام حەبی کپتاگۆن لەشاری موسڵ دەستی بەسەردا بگیرێت
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان لەچالاکیەکی دیکەدا توانیوویانە بڕی 45 کارتۆن دەرمان و حەبی ماوە بەسەرچوو و بێ ستیکەر کە بەشێوەی قاچاغ و نایاسایی هێنرابوونە ناو هەرێمی کوردستان دەستبەسەردا بگرن