زارى کرمانجى:
کەشناسێکی شارەزا ڕایدەگەیەنێت” خۆڵبارین و هەورە بروسکە و تاوە باران ڕوو لە هەرێم دەکات و پلەکانی گەرماش دادەبەزن”.
ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك) ڕایگەیاند” سبەی پێنج شەممە لە ئەنجامی زیادبوونی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و هاتنی بارستە هەوایەکی سارد، ئاسمانی هەرێمی كوردستان بە زۆری نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ ئەگەری چالاکبوونی تاوەباران و هەورەبروسکە لە ناوچە جیاجیاکانی سنووری پاڕێزگاگانی سلێمانی، هەڵەبجە، ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک، هەروەها ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەرین و سۆران، ئەگەری بەفربارینیش لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكاندا هەیە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ حەوت تا نۆ پلە دادەبەزن و كەش سارد دەبێت، خێرایی باش مامناوەند بۆ نیمچە بەهێز دەبێت کە (١٥ تا ٥٠) كیلۆمەتر دەبێت لە هەر كاتژمێرێكدا و ئاراستەکەشی ڕووەو باشوور و باشووری ڕۆژئاوا دەبێت.
ئەو کەشناسە کوردە ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ ئەم شەپۆلە، سبەی شەپۆلێكی چڕی خۆڵبارینیش پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین دەگرێتەوە، بە مامناوەندی سەرجەم ناوچەكانی دیكەش دەگرێتەوە، ڕۆژی هەینیش كاریگەرییەكەی كەمدەبێتەوە و كۆتایی دێت.
ئاراس جەبار باسی لەوەشكردووە، کاریگەری ناجێگری کەش و هەورە بروسکە و تاوە باران لەسەر ناوچەکان تا ئێوارەی ڕۆژی هەینی بەردەوام دەبێت و پاشان کۆتایی دێت، بەڵام پلەی گەرما تا سێشەمەی داهاتوو بە نزمی دەمێنێتەوە.
بڕی بارانبارینی پێشبینیکراو:
پارێزگای هەولێر ٠ – ٠.٤ ملم
پارێزگای سلێمانی ٥ – ١٥ ملم
پارێزگای هەڵەبجە ٥ – ١٥ ملم
پارێزگای کەرکووک ٠ – ٠.٣ ملم
پارێزگای دهۆک ٠ – ١ ملم – ناوچەی شاخاوی پارێزگاكە ٥ – ١٥ ملم
ئیدارەی ڕاپەرین ٥ – ١٠ ملم
ئیدارەی سۆران ١٠ – ٢٠ ملم